٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندنەكانی میسر بە بایەخەوە باسی بارزانیی نەمریان كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

قاهیرە-KDP.info- بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتیی سیاسی و حزبی و پەرلەمانتار و ئەكادیمی و راگەیاندكار و رۆژنامەنووس، لە ٤٠ـەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوای باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد مەلا مستەفا بارزانی، مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قاهیرە پێشانگایەكی كردەوە و فیلمێكی نمایش كرد.

شێركۆ حەبیب، بەرپرسی مەكتەبی قاهیرەی پارتی، وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسی ئامادەبووان، لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی بارزانیی نەمر كرد و رایگەیاند، بارزانیی نەمر وەنەبێت تەنیا كەسایەتییەكی كورد یان هەرێمی بێت، بەڵكوو سەركردەیەكی ناسراوی جیهانی بوو، كە لەو ماوەیەدا خەباتی لە پێناو یەكسانی و دادپەروەری و دیموكراسیدا كرد، بێ جیاوازیكردن لە نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكاندا.

بەرپرسی مەكتەبی پارتی لە قاهیرە، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێت رێباز و خەباتی بارزانیی نەمر هاندەرێك بێت بۆ چارەكردنی گرفت و ناكۆكییەكان بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن، هەروەك سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی لەو پێناوەدایە.

شایانی باسە، راگەیاندنەكانی میسر بایەخیان بەو ساڵیادە دا و لە چەندین دەزگای راگەیاندن بڵاویان كردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار