٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌ کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر لەژێر ناوی (رێگاچارەكانی پرسەكانی ئاسایش و سەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بەبەشداریی دەیان کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەستیپێکرد لە کۆڕبەندەکە، کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە، کە تێیدا ئاماژەی بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شەڕی دژی تیرۆر، کرد.
 
دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
ئامادەبووانی بەڕێز،
 
میوانە بەڕێزەكان،
 
بەیانیتان باش و بەخێربێن بۆ فۆرومی هەولێر.
 
بەخێرهاتنێكی تایبەتی ئه‌و میوانە بەڕێزانه‌ دەكەم كە لە دەرەوە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان. دەستخۆشی لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕووداو دەكەم بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی ئەو فۆروومە و كۆكردنەوەی 14 ناوەندی لێكۆڵینەوەی ناوچەكە لەم كاتە پێویستەدا. لەپێناو گفتوگۆكردن لەسەر دروستبوونی ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتن لە ناوچەكەماندا، هیوادارم گفتوگۆی پڕ بەرهەم و لێكگەیشتن لەنێوان هەموو لایەكدا ببینین.
 
بەڕێزان،
 
ئێوەی سیاسەتمەدار و توێژەران، خاوەن زانیاری و ڕوانگەی خۆتانن، بۆیەش‌ دەمەوێ زۆر ڕاشكاوانە لێرە لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا، قسە بكەم.
 
بە ڕاستی ئێمە دەمانەوێت بەرامبەر خەڵكی كوردستان و عێراق بەگشتی، خاوەن بەڵێن بین. دەمانەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق، ژیان و گوزەرانێكی خۆش و شایستەیان هەبێت. خۆشگوزەرانیی خەڵك بەدینایه‌ت، ئەگەر سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا نەبێت. خزمەتگوزارییەكان دەسته‌بەر نابن، ئەگەر وڵات لە بارێكی شڵەژاوی ئەمنیدا بێت، لەبەرئەوەش دەبێ لەو دوو خاڵەوە دەست پێبكەین.
 
ئەگەر لەو دوو خاڵە ورد ببنەوە، دەبینن كە سەركردایەتیی سیاسی لە هه‌رێمی كوردستان، به‌رله‌ ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هەوڵێكی زۆری بۆ عێراقێكی بەو شێوەیە داوه‌. بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەكی زۆر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، بەر لە ڕووخان و دوای ڕووخانی ڕژێم لە هەولێر ئەنجامدران. ئێمە چاومان لەوەبوو عێراقی هەمووان دروست ببێت، بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان پێكنەهات و سەرئەنجام دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتیبوونیش پێكنەهات! بۆیەش ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان سوودیان لەو بارودۆخە وەرگرت و قاعیدە شوێنی خۆی لە عێراقدا فراوان كرد. دواتر لە بەرگی ئەنسارولسوننەدا بەهێزتر بوو، ئینجاش بووە ڕێكخراوێكی زۆر گەورەتر و بەهێزتری تیرۆریستی بە ناوی داعش كە بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و هەموو جیهانیشی تێكدا.
 
ئامادەبووانی بەڕێز،
 
ئەگەر ئێمە بە چاوی ئەوەی ئەمە "پیلانگێڕی"یە و داعش لە دەرەوە بۆ عێراق نێردراوە، تەماشای دیاردە و مەسەلەكە بكەین، ناگەینە هیچ چارەسەرێك و بەداخەوە لەوانەیە بەرەو بارێكی زۆر خراپتریش بچین!
 
ئێستا داعش جموجۆڵێكی بەردەوامی هەیە لە هێڵی ستراتیژی دیالە، كەركووك، سەڵاحەدین، ئەنبار و مووسڵ تاوەكو سووریا. شەوانە جموجۆڵ و هێرش و پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و شوێنە گشتییەكان ئەنجامدەدات، زۆربەی زۆریشیان خەڵكی عێراقن! كەواتە داعش ماوە. لە دۆخێكی شڵەژاوی بەو شێوەیەدا ئەگەر داعش نەمێنێ، ڕێكخراوێكی دیكه‌ی تیرۆریستی لەو پاشماوەیە و لەو زەمینەیەدا لەدایك دەبێت. لەبەرئەوە دەبێ بە جیددی لەسەر چارەسەرێكی بنەڕەتی بوەستین.
 
دەوڵەتی تازەی عێراق لە دەستوور و سیستەمی ئێستایدا خۆی بە دەوڵەتێكی دیموكراسیی فیدرالی پێناسە كردووە. لە دەوڵەتێكی بەو شێوەیەدا ئەگەر ئاوەدانی، خزمەتگوزارییەكان و بەشداری لە بەڕێوەبردندا بە شێوەیەكی گونجاو و هاوبەش نەبێت، ئەوا سەقامگیری و ئینجاش خوشگوزەرانی و پێشكەوتن، مەحاڵە.
 
پشتگوێخستنی بەشدارییەكی هاوشان، هەروەها ئەو شێوازە لە بڵاوبوونەوەی چەك، وایكردووە نەك پێشكەوتنی ئابووری، بەڵكو بەردەوامبوونی بزاڤی بازرگانی و ئابووری و زۆر پێویستیی ڕۆژانەش زۆر سەخت ببێت، هەروەها كاریگەرییەكی یەكجار خراپی هەبووە و هەیە و بووەته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م چارەسەرە سیاسییەكاندا. ناسەقامگیری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە بە هەموو پێكهاتەكانەوە.دەبێ ئەوە بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بكرێت. هەرێمی كوردستان كە ڕەخنەی هەیە لەوەی 55 ماددەی دەستوور، ئه‌وانه‌ی پەیوەستن بە گەلی كوردستانەوە جێبەجێنەكراون، لە هەمووان زیاتر دەیەوێت دەستوور سەروەر بێت.
 
بەڕێزان،
 
بۆ ئەوەی گەراكانی تیرۆر لە عێراقدا هەڵبگرین و نەهێڵین، دەبێ یەكەمجار شوێنە وێرانبووەكان ئاوەدان بكرێنەوە. زەمینەی گەشەكردنی تیرۆر، لەناو وێرانی و ناوچە بێ خزمەتگوزارییەكاندایه‌، بۆیه‌ دەبێ زوو دەست بە ئاوەدانكردنەوە بكرێت.
 
بۆ هەموومان زۆر ناخۆشە كە یەكێك لە كۆنترین شارەكانی ناوچەكە و جیهان، شاری مووسڵ بەو شێوەیە وێرانە. دەبێ حكوومەت پشتیوانی لە سەرمایەدارانی مووسڵ بكات بۆ ئەوەی دەستپێشخەریی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ، لە دەستی ئەواندا بێت. دەبێ خەڵكی هەموو پارێزگاكانی ناوەڕاستی عێراق، نەك تەنیا چەند كەسێك لەو پارێزگایانە، خۆیان بە هاوبه‌ش و بەشدار ببینن لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كارگێڕیی عێراقدا. دەبێ پەیوەندیی نێوان هەموو پێكهاته‌كانی عێراق بە كردەوە و بە شێوەیەكی قووڵ ڕاست بكرێتەوە.
 
بۆ نەهێشتنی تیرۆر و نەهێشتنی دەركەوتنەوەی تیرۆر لەژێر ناوی دیكەدا، پێویستیمان بەوەیە سیستمی پەروەردەمان لە عێراق پێشبخەین، پلانێكی تازەی وردی ئاوەدانكردنەوەمان هەبێت، هاوبه‌شی و بەشدارییەكی گونجاوی هەموو نەتەوە و خاوەن ئایین و مەزهەبەكان هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و ڕێگەكانی پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە لە عێراقدا بەهێز و قووڵ بكەینەوە. بیمەی تەندروستی، بیمەی بێكاری و هەژاری، ژیان و خوێندن بۆ ئەوانەی بێ دایك و باوك بوونە، هەروەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بۆ هەمووان دابین بكەین.
 
بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە بكەین، دەبێ هەموو لایەنەكان بە ڕاشكاوی پێكەوە قسە بكەن و لێكگەیشتن و پێكەوەكاركردن و سازانێكی تازە لە عێراقدا دروستبكرێت. ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئامادەین بۆ ئەوەی لەمڕۆوە دەست پێبكەین.
 
بەڕێز سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی كەسێكی گونجاوە بۆ قۆناغێكی بەو شێوەیە و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش دەبێ گەیشتبنە ئەو باوەڕەی كە پێكەوەكاركردنمان بۆ بەڕێوەبردنێكی باشتر و دروستكردنی سەقامگیری زۆر پێویستە. بەتایبەتیش ئەگەر ڕێژەی كەمیی بەشداریی خەڵك لە هەڵبژاردنی ڕابردووی عێراقدا بێننە بەرچاوی خۆیان، ئەوە ئەوپەڕی بێباوەڕی بە سیستەم و بەڕێوەبردنی وڵات پیشانده‌دات. دەبێ لایەنەكان بە كار و كرده‌وه‌ و ڕەفتاری خۆیان، باوەڕی خه‌ڵكی عێراق بە سیستەمی سیاسی دروست بكەنەوە.
 
بەڕێزان،
 
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، هەرێمی كوردستان "عێراقەكەی دیكە" بوو. ئەو عێراقە بوو كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە ئۆپۆزیسیۆندا شانازییان پێوە دەكرد بۆ حەتمیەتی گۆڕینی ڕژێم و بۆ بنیاتنانی عێراقێكی پێشكەوتوو لەسەر بنەمای فیدرالی.
 
ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە كۆنگرەی لەندەن و سەڵاحەدین، فیدراڵی پەسند كرد، لە دەستووری كاتی و هەمیشەیی عێراقیشدا چەسپا. گەلی كوردستان لەو باوەڕەدا بوو كه‌ بەپێی سرووشتی هەمەڕەنگی عێراق، ئەو سیستەمە زیاتر پێشدەخرێت و فراوانتر دەكرێت. ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا و ئێستاش لە عێراق دەیبینین، ئەوەیە كە بە ڕاستی فیدرالی ڕێگە و سیستمێكی ڕاستە بۆ فراوانتركردن لە عێراقدا.
 
بەڵام دەمەوێ زۆر ڕاشكاوانە بە ئێوەی بەڕێز بڵێم، بەداخەوە هەست دەكەین چەمكی فیدرالی و سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا هێشتا نەچەسپیوە و هێشتاش تێگەیشتنێكی تەواو نییە بۆ چەمك و سیستەمی فیدرالی. لەبەر ئەوەش هێشتا جۆرە مامەڵەكردنێك هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كە بە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمێك ناچێت، بەڵكو هاوشێوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ پارێزگایەكدا. هیوادارین ئه‌م شێوازه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئێستای عێراقدا ڕاست بكرێته‌وه‌.
 
هیچ كام لە ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بەو شێوەیە نەبوون، هەروەها لە دەستووری عێراقدا، بنچینەی فیدرالی دانراوە و لە زۆر ماددەی دەستووری عێراقیشدا ڕێگەی فراوانكردن و چەسپاندنێكی قووڵ بۆ سیستەمی فیدرالی كراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا سیسته‌می فیدرالی زیاتر فراوان بكرێت و قووڵ بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبنین لە مامەڵەكردن و پڕۆژەیاسا تازەكاندا، بە ڕاستی پێچەوانەی ئەو ڕوانگە دەستووریەیە، ئەوەش پێشێلكردنی بنەمای سازان و فیدرالییە، كەواتە تەواو پێچەوانەی دەستوورە.
 
بنچینەیەك لە دەستووری عێراقدا دانراوە بۆ ئەوەی یاساكان لەسەر بنەمای سیستەمی فیدرالی دابنرێن، یاسا نەگونجاوەكانیش لەسەر بنەمای گۆڕینی سیستەم بۆ فیدرالییەكی ڕاستەقینە هەموار بكرێن، بەڵام ئەوەی بە كردەوە دەیبینین پێچەوانەیە! بۆیەش دەمەوێ سەرنجی هەمووتان بۆ ئەو ئاراستە مەترسیدارە ڕابكێشم و پێویستە بە هەموو لایەكمان ئەو ئاراستەیە ڕاست بكەینەوە لە مامەڵەكردن و یاساداناندا، چونكە پێچەوانەی دەستوورە.
 
له‌ كۆتاییدا، زۆرم پێخۆشە ئێوە و هەموو ده‌سته‌بژێری سیاسی و ئەكادیمی و ڕۆشنبیر لە عێراق لەسەر ئاسایش و سەروەری بە شێوەیەكی سەردەمیانە دەست بە گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ڕاست و ڕاستەقینە، ئاسایش و سەرەوریمان هەبێت، نەك تەنیا بە دروشم و قسه‌!
 
دووبارە بەخێرهاتنتان دەكەم و سەركەوتوو بن.
 
هیوای ڕۆژێكی خۆشتان بۆ ده‌خوازم.
 
1ی ئازاری 2019

هەواڵی پەیوەندیدار