٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی زه‌رد، سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی تر وەردەگرین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی بەپێی ئیستحقاقی خۆی كە گەورەترین فراكسیۆنە لە پەرلەمان، سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی دیكە وەردەگرێت.

لە ١٨ـی ئەم مانگەدا، پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتیی هەڵبژارد و لە دووەم كۆبوونەوەشدا لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرا، بەڵام تا ئێستا ١٤ لیژنە ماون دەستنیشان بكرێن.

بژار خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هەموو لایەنەكان بەپێی ژمارەی ئەو كورسیانەی هەیانە لە پەرلەمان، مافی سەرۆكایەتیكردنی لیژنەكانی تریان بەردەكەوێت و ئەوانەی ماویشن بەپێی رێژەی كورسییەكان بەر پارتی دەكەون".

جگە لە لیژنەی یاسایی، ١٤ لیژنەی تر ماون دیاری بكرێن، سەبارەت بە پشكی پارتی لە سەرۆكایەتیكردنی ئەو لیژنانە، ناوبراو ئاماژەی دا: "پارتی سەرۆكایەتیی ٦ تا ٧ لیژنەی تری پەرلەمان وەردەگرێت و لە چەندین لیژنەی تریشدا جێگر و بڕیاردەری دەبێت".

بە گوتەی خالید، پارتی هەمیشە لە مافی خۆی خۆش بووە بۆ پێكهاتەكان، چونكە بە بڕوای پارتی، دەبێت پێكهاتەكان لەو لیژنانەدا بەشداریی راستەقینەیان هەبێت.

 

كـــاروان بــــاعەدری

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار