وەزارەتی دارایی نرخی باج لەسەر پارێزەران كەم دەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- لە نووسراوێكی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، بڕیار دراوە نرخی باج لەسەر پارێزەرانی ھەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە.
كۆپییەك لە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە و تێیدا هاتووە: "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و ئاسانكاری بۆ پارێزەرانی ھەرێمی كوردستان، بڕیار درا بە وەرگرتنی باج لە پارێزەران، لە ساڵی ٢٠١٣ی خەمڵاندن تا ساڵی ٢٠١٩، كە بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت: لە سەدا ٢٥ داشكاندن بۆ سەرجەم پارێزەران بكرێت، ھەروەھا لە سەدا ٢٥ داشكاندن بكرێت بۆ ئافرەت و پیاو ئەگەر ھەردووكیان سەرچاوەی داھاتیان ھەبوو و یەكێكیان پارێزەر بوو".
لە نووسراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە لە سەدا ٣٠ داشكاندن بۆ پارێزەری سەڵت بكرێت.
نووسراوەكە، كە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری، ڕێباز حەملانی بەسەرەوەیە، ئاماژەشی داوە، كە ئەم داشكانە تا بەرواری ٣٠ی ٦ی ٢٠١٩ كاری پێ دەكرێت.
فایزە كۆیی




