٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كار بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی سنوورە نافەرمییەكانی هەرێم و ئێران دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP-info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و ئێران دەڵێ، چەندین سنووری نافەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەن و كار دەكرێت بۆ ئەوەی بەنێودەوڵەتی بكرێن، بەوەش جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری زیاد دەبێت.

لەسەر بانگهێشتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، شاندی دەروازە و گومرگەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێرانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لە تاران تاوتوێی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان و چارەكردنی كێشەكانی دەروازە سنوورییەكان كرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پەیوەندییەكانی گومرگی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای مەهدی میر ئەشرەفی، جێگری وەزیری دارایی و سەرۆكی دەستەی گشتیی گومرگەكانی ئێران، كۆبوونەوەیەك لە نێوان شاندی دەروازە و گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران لە تاران ئەنجام درا، تەوەری سەرەكیی ئەو كۆبوونەوەیەش باسكردن بوو لە پێشخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چارەكردنی كێشە و گرفتەكان لە دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەردوولا، ئەوە جگە لە داڕشتنی بەرنامەی نوێی تایبەت بە كاركردنی هاوبەش.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "چەندین سنووری نافەرمی لە نێوان هەرێم و ئێراندا هەن و ئێستا هاتوچۆیان تێدا دەكرێت، وەك سنووری كێلێ قەڵادزێ، سنووری سەیرانبەن، سنووری سوسنێ لە هەڵەبجە، لەگەڵ چەند سنوورێكی دیكە، كە ئەوانە سنووری نافەرمین، بەڵام بەردەوام هاتوچۆیان تێدا دەكرێت".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئێران گوتیشی: "كار دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو سنوورانە بەنێودەوڵەتی بكرێن، ئەگەریش بەنێودەوڵەتی كران، هەم بۆ ئەو ناوچانە باشە و هەمیش بۆ هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران، چونكە جموجۆڵی بازرگانی زیاتر دەبێت".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار