٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف قوربانی: پارتی و یەكێتی بەرپرسیارێتییان لە سەرشانە و پێویستە ڕێكبكەون

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- حیزبەكانی كوردستان لە دانوستان و رێككەوتندان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاودێرێكی سیاسییش دەڵێ، پێویستە حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە رێككەوتن و بەرژەوەندییەكانی خەڵك لە بەرچاو بگرن، رێككەوتنی پارتی و یەكێتییش زەرورەتی دۆخی وڵاتەكەمانە.

عارف قوربانی، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی ئێستای كوردوستان پێكەوەبوونی حیزبەكانی دەوێت، كە دەبێت ئەو حیزبانەی بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، رێككەوتن لە نێوانیاندا واژۆ بكرێت، هەروەها هەر حیزبەو لای خۆیەوە دەست بگرێت بە رێككەوتنەكەوە و جێبەجێ بكەن".

پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی 18ـی شوبات رێككەوتنی سیاسیی نێوانیان واژۆ كرد، ئێستاش چاوەكان لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتین، كە رەشنووسێكی 18 خاڵییان ئامادە كردووە بۆ رێككەوتن.

قوربانی لەو بارەیەوە گوتی: "رێككەوتنی سیاسی گرنگە، پێویستە ئەو لایەنانەی كە نیەتی بەشدارییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، پابەندی رێككەوتنەكەی نێوانیان بن بۆ چوار ساڵی داهاتوو".

لەبارەی گرنگیی رێككەوتنی پارتی و یەكێتییەوە، ئەوچاودێرە هێما بۆ ئەوە دەكات: "رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامیی وڵاتەكەمان،كە واقیعێك هەیە تا ئێستاش تارمایی دووزۆنی ماوە، بۆیە دەبێت ئەو دوو حیزبە كە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمانیان لەسەرشانە، ڕێكبكەون".

سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، كە پاش رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 داگیر كراوە، ناوبراو گوتی: "هەمووان دەخوازین رەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، كە ئێستا بە دەست تەعریبچییەكانەوەیە، دەبێت كورد بە گشتی و پارتی و یەكێتی بە تایبەتی، هەماهەنگی و رێككەوتن بكەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە و وەرگرتنەوەی پارێزگار".

عارف قوربانی هەروەها دەڵێ: "گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا هەیە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران دەڕۆنە قۆناغێكی توندترەوە، ڕەوشەكەش وا دەخوازێت كورد بە یەكدەنگی و یەكگوتاری خۆی بۆ ئامادە بكات".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار