٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی بۆ ماڵپه‌ڕی KDP: شێوازی کاری پەرلەمان ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازیان لەناو پەرلەمان دەستپێکردووە و رێگەنادەن لە بودجەی گشتی هاوکاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر  بۆ پەرلەمانتار خەرجبکرێت و لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل کڕین رووبدات".
 
ئەمڕۆ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، هێمن هەورامی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "پاش ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 18ـی شوبات وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە متمانەیان پێدراوە، لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئیداری پێویست کردووە بۆ "شەفافیەتی زیاتری کاری پەرلەمان، هەرچی باشتر رێکخستنەوەی کاروباری ئیداری پەرلەمان، چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافیەتی زیاتر، نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و رێکخستنەوەی خەرجییەکان". 
 
هەورامی گوتیشی، "وەک دەستەی سەرۆکایەتیی ئێستای پەرلەمان، لە خۆمانەوە دەستمان پێکرد و ئەو کراوەییەی لە دەسەڵاتی خەرجی دارایی و هاوکارییەی کە دەستەی سەرۆکایەتی هەیبوو، نەمانهێشتووە. لە رۆژانی رابردوو، لەگەڵ سەرجەم راویژکارەکان و بەڕێوەبەرکانی ناو پەرلەمان کۆبووینەتەوە و ئەم سیاسەت و شێوەی کارەمان بۆ روونکردوونەتەوە. رامان گەیاندووە، بەرزکردنەوەی پلە بە میزاج و نایاسایی بە تەواوی رەتدەکەینەوە، دیاردەی واستە و واستەکاری، بەهەدەردانی بودجە و میزاجییەت لە هاوکاری و ئیمتیازات بە تەواوی رەتدەکەینەوە". 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ده‌شڵێ، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنە بەڕێزەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێمان راگەیاندن کە بەبێ هیچ جیاوازییەک، بۆ کاری پەرلەمانتاری پرەسنیپی دادپەروەری بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتارە بەڕێزەکان دەگرینەبەر. پێمان راگەیاندن، بەپێچەوانەی خولەکانی دیکە رێگەنادەین لە بودجەی گشتی هاوکاری بێ بنەما بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار خەرجبکرێت، رێگەنادەین لە سامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل کڕین رووبدات".
 
هێمن هەورامی زیاتر گوتی، "لەبری ئەوە، پێشنیازمان بۆ کردوون کە شەفافانە، مانگانە بڕی لە 2%ـی  مووچەکانیان بخرێتە سندووقێک و پەرلەمانی کوردستانیش بە هەمان بڕ، هاوکاری ئەو سندووقە بێت بۆ حاڵەتی تەندروستی و حاڵەتی لەناکاو و پێویستیان. ئەوەش بۆ بنبڕکردنی بەهەدەردان و  بڕیاری میزاجیانە. بۆ کاروباری گواستنەوە و کاری رۆژانەی پەرلەمانتاران و هاتوچۆی شار و شارۆچکەکان و بەسەرکردنەوەی هاووڵاتیان، پێمان راگەیاندن کە چاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابینبکرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیازێکیان پێدراوە، کە بە قیستی مانگانە لە مووچەکانیان بە زەمانەتی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابینبکەن". 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختدەکاتەوە، "شێوازی کاری ئێمە شەفافانە بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی بەهێز و کراوەمان هەبێت. پرس و راوێژ بە فراکسیۆنە بەڕێزەکان بۆ کاروباری پەرلەمان و ئیدارەدانی نەهجی ئێمەیە".

هەواڵی پەیوەندیدار