٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەرشەد لۆلانی: لە 16 ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمان پێك دەهێنین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبێ لە ماوەی (25) ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمان پێك بهێنرێن، كە 18ی ئەم مانگە هەڵبژێردراوە و دەبێ لە (16) ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم لیژنەكان پێك بهێنرێن.

پەرلەمانی كوردستان 18ی ئەم مانگە كۆ بووەوە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری كرا، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێشدا لیژنەی یاساییی پەرلەمان هەڵبژێردرا. پێوەست بە هەڵبژاردنی لیژنەكانی تری پەرلەمانی كورستان، ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەبێ لە ماوەی (25) ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمان پێك بهێنرێن، كەوایە دەبێ لە (16) ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم لیژنەكان پێك بهێنین، پەرلەمانیش بۆخۆی شوێنی یاسادانانە و ناكرێ یاسای تێدا پێشێل بكرێت، بۆیە لە وادەی دیاریكراودا لیژنەكان دەبێ هەڵبژێردرێن."

لەبارەی چۆنیەتیی دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكان، ئەو ئەندامەی لیژنەی یاساییی پەرلەمان ڕوونی كردەوە: "بە سیستمی (سانت لیگۆ) لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەش دەكرێن، ئەم سیستمەش بە گوێرەی كورسییەكانی پەرلەمان ئەندامان بۆ لیژنەكان دیاری دەكات، جیا لەوەش، ڕێككەوتنی فراكسیۆنەكان هەیە بۆ دابەشكردنی ئەندامانی لیژنەكان."

لۆلانی جەختیشی كردەوە: "دەبێ هەرچی زووترە لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان پێك بهێندرێن، ئاخر هەر یاسا و پرسێك پێوەستە بە لیژنەی تایبەت بە بابەتەكەی خۆی و بەدواداچوونی بۆ دەكەن، كەوایە بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا بێت و بتوانێت كارەكانی ڕاپەرێنێت، دەبێ بە زوویی لیژنەكان پێك بهێنین."

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار