٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەكرەم ئەحمەد: سەرجەم بەنداوە بچووك و مامناوەندەكان پڕ بوون لە ئاو

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان ده‌ڵێ، ئاستی بارانبارینی ئەمساڵ زۆر باشە، كە لە 57 ساڵی ڕابردوودا ئەو رێژەیەی ئێستای تۆمار نەكردووە‌. دەشڵێت، 18 بەنداوی گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەن.

ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئاستی بارانبارینی ئەمساڵ بە رێژەیەكی زۆر بەرزە‌، كە لە هەندێك شوێن ئاستی بارانبارین دوو‌قات و سێقاتە، كە لە 57 ساڵی ڕابردوودا بەو رێژەیەی زستانی ئەمساڵ باران نەباریوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان گوتیشی، "لە ئەنجامی بارانبارین سەرجەم بەنداوە بچووك و مامناوەندەكان پڕ بوون لە ئاو، "پلانمان هەیە‌ 18 بەنداوی گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، زیاتر لە 200 شوێنمان دیاری كردووە كە بەنداوی لێ دروست بكەین، ئەو پلان و پڕۆژانەش ئامادەن و ئێمە چاوەڕێی حكوومەت دەكەین بۆ ناردنی ئەو پارەیە و دەستكردن بە دروستكردنی بەنداوەكان، لە زاخۆوە تا دەگاتە خانەقین بەنداو دروست دەكەین".

ئەكرەم ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو:" لە بەنداوی دەربەندیخان ناتوانین وەك پێویست ئاو كۆ بكەینەوە، لەبەر ئەوەی دەست بە چاككردنەوەی دەكرێت، تاوەكو كەموكوڕییەكان چارەسەر نەكەین وەك ساڵانی تر ناتوانین ئاوەكە بەردەینەوە تا دڵنیا نەبینەوە لەوەی هیچ كێشەیەكی نییە".

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەگەر بەو شێوەیە بارانبارین بەردەوام بێت، ئەوا بەنداوی دووكان ئاوەكەی بەردەدرێتەوە، ئەوكات ئەو شوێنە گەشتیاریانەی لە خوارەوەی رووبارەكەن كە بە تەجاوز دروست كراون، زەرەریان پێ دەگات، بەڵام ئەوانەی بەپێی رێنمایی دروست كرابن، زیانیان پێ ناگات.

پێوەست بە مەترسیی كەمبوونەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد ئاشكرای كرد، پێشبینیی ئەوە ناكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان رێژەی ئاوی زۆر باشە، "بەڵام نەمانتوانیوە ئاوەكان هەمووی كۆ بكەینەوە، ئەمەش هۆكارەكەی نەبوونی بەنداوی گەورەیە لە كوردستاندا، ئەگەر ئەو پارەیە تەرخان بكرێت، ئەوا دەتوانین لە بەهار و زستاندا ئاوەكە كۆ بكەینەوە و بەنداوی لێ دروست بكەین، بەو شێوەیەش دووچاری قەیرانی كەمئاوی نابینەوە".

 

هەڵكەوت محەممەد

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار