٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.بەشیر: سەرەتای مانگی داھاتوو بەغدا پشکی ھەرێم لە بوودجە ڕەوانە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی یاسای نوێی بوودجە بکرێت و لە سەرەتای مانگی داھاتووش پشکی ھەرێمی کوردستان بە پێی یاسای نوێ ڕەوانە بکرێت.

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی کۆمار و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە ھۆی ھەندێکی ھۆکاری ھونەری تا ئێستا خەرج نەکراوە و نەک بۆ ھەرێمی کوردستان ھیچ پارێزگایەکی عێراق بوودجەی بە پێی یاسای نوێ وەرنەگرتووە، ھۆکارەکەیشی ھونەری و ئیدارییە و ھیچ ھۆکاری دیکەی نییە."

د. بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لەم ڕۆژانەدا دەست بە خەرجکردنی بوودجە بەسەر پارێزگاکاندا بکرێت و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە ڕەوانە دەکرێت."

حەداد باسی لەوەش کرد: "پشکی ھەرێمی کوردستان ٤٥٤ ملیاری فەرمانبەران و ٦٨ ملیاری پێشمەرگەیە ڕەوانە دەکرێت و تا ئێستا پشکی ھەرێم یەک لەسەر ١٢ی بۆ ڕەوانە دەکرێت و لە مانگی ٣ـوە ئەوەی سێ مانگی ئەمساڵ بەغدا ڕەوانەی نەکردووە، ئەویش ڕەوانە دەکات."

حەداد گوتیشی: "ئەگەر ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست نەکات لە کۆی بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەجیاتی ئەو٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە دەبڕدرێت و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و بوودجەی وەبەرھێنان دەمێنێتەوە کە ئەو بەردەوام ڕەوانە دەکرێت و نابڕدرێت."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار