٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP زانیاریی تەواو لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانەوە بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 26.02.2019، بە سەرۆكایەتیی د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە 1ی نائاسایی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت بوو بە پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەپێی حوكمی ماددەكانی (28-29) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

لە دەسپێكی دانیشتنەكەدا، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە و دواتر داوای لە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كرد وردەكاریی كۆبوونەوەكانی جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان سەبارەت بە دیاریكردن و دەستنیشانكردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی لەگەڵ فراكسیۆن و پێكهاتەكانی پەرلەمان بخاتە روو.

لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی دوو كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی، كۆبوونەوەی یەكەم لە ژێر سەرپەرشتیی سكرتێری پەرلەمان و كۆبوونەوەی دووەم بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوە چوو و تێیدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەسەر بنەمای پاراستنی پرەنسیپی تەوافوق و سازان لە ژێر رۆشنایی حوكم و ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان توانیمان بگەینە تەوافوقێك لەسەر پێكهێنانی لیژنەكە كە بە شێوەیەك بێت كۆی پێكهاتە و فراكسیۆنەكانی تێدا رەنگ بداتەوە".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاند: "لەسەر بنەمای پاراستنی پرەنسیپی تەوافوق و سازان، لیستی هاوپەیمانیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سۆسیالیست كە بە 46 كورسییەوە 5 ئەندامیان بەردەكەوت، ئەندامێكی بەشی خۆیان بەخشی بە فراكسیۆنەكانی توركمان كە سەرجەمیان لەسەر كاندیدكردنی ئەندامێك رێككەوتبوون".

هەورامی گوتیشی: "تا ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانیش لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ فراكسیۆنی سەوز لەبارەی كاندیدەكانیان بۆ لیژنەكە، بەڵام تا ئێستا فراكسیۆنی سەوز ناوی هیچ ئەندامێكیان بۆ نەناردووین".

بەر لە خستنەڕووی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووەوە لە رێگەی خاڵی نیزامییەوە تێبینیی خۆیان لەبارەی پێنەدانی ئەندامێك بە فراكسیۆنەكەیان خستە روو، هەروەك رەخنەشیان لە پرۆسەكە گرت.

لە بەرامبەریشدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بەپێی مەبدەئی تەوافوق و سازان و لە ژێری رۆشنایی حوكمە دەستوورییەكان و یاسا بەركارەكانی هەرێم و پەیڕەوی ناوخۆ، پێكهێنانی لیژنەكە رێكاری پێویستی بۆ ئەنجام دراوە".

پاشان سەرۆكی پەرلەمان داوای لەسكرتێری پەرلەمان كرد بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بخاتە روو بۆ ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان و لەسەر ئەو بنەمایە پێكهێنانی لیژنەی یاسایی و ناوی ئەندامانی كاندید بۆ لیژنەكە خوێندرانەوە و لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

هەر لە چوارچێوەی دانیشتنەكەشدا، فراكسیۆنەكانی توركمان سوپاسی هەردوو فراكسیۆنی پارتی و سۆسیالیستیان كرد بۆ بەخشینی كورسییەكی خۆیان لە لیژنەی یاسایی بۆ پێكهاتەی توركمان و رایانگەیاند: "ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە مەبدەئی تەوافوق و سازان پارێزراوە و كاریشی پێ دەكرێـت".

بەر لە تەواوكردنی دانیشتنەكە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "رۆژی هەینیی داهاتوو 01/03/2019 دانیشتنی كردنەوەی خولی گرێدانی بەهارە بەڕێوە دەچێت".

ئەندامانی لیژنەی یاسایی پێك هاتوون لە: (سەلام عەبدوڵڵا حەسەن ڕەسووڵ، خەدیجە عومەر، ئەرشەد حوسێن، بژار خالید، جەلال محەمەد، كاوە عەبدولقادر، رووپاك ئەحمەد، ڕۆبینە مەلاك عەزیز، سارا دڵشاد، ئەبوبەكر مەولوود).

هەواڵی پەیوەندیدار