٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: سازشمان لە مافی خۆمان کردووە

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- لە پرێسکۆنفرانسێکدا پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی، بۆ مێدیاکان رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان گرینگی خۆی هەبووە، کە لیژنەی یاسایی دەستنیشان کراوە، چونکە بێ ئەو لیژنەیە پەرلەمان ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت، رەتیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ سزادانی هیچ لایەنێک بێت، بەڵکو لە بەشی یاسایی خۆیشیان سازشیان کردووە.
 
دوای دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، کە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی لیژنەی یاسایی ئەنجامدرا، ئومێد خۆشناو لە پرێسکۆنفرانسێکدا بۆ مێدیاکان، رایگەیاند، کە لیژنەی یاسایی گرینگە بۆ تێپەڕاندنی کارەکان و پڕۆژە بڕیارەکان، بەو پێیەی بێ بوونی ئەو لیژنە پەرلەمان ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت.
 
خۆشناو ئەوەیشی نەشاردەوە، کە دوای ئەنجامدانی ٣ کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنەکان، بە مەبه‌ستی رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی لیژنەکان، بەڵام ئەو رێککەوتنە نەکرا، چونکە هەر فراکسیۆنێک داوای ئەندامی لە لیژنەکاندا دەکرد، گوتیشی: "سەرئەنجام یاسا و رێسامان لەبەردەستادایە، کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ شێوازی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، تا لیژنەکان دەستنیشان بکەین".
 
خۆشناو ئەوەیشی باسکرد، کە لە لیژنەی یاسایی و بە پێی بەرکەوتەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان، پێنج ئەندامیان بەرکەوتووە، بەڵام بۆ ئەوەی مافی پێکهاتەکان دابین بکەن، ئەندامێکیان کشاندوەتەوە و داویانە بە  پێکهاتەی تورکمان، بەو پێیەی دەیانەوێت زامنی مافی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان بکەن، نەک ئیحتیوای بکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و سۆسیالیست هاوپەیمانێتییان ئەنجام داوە و بەوەش فراکسیۆنەکە، لە ٤٥ کورسییەوە دەبێتە ٤٦ کورسی.
 
ناوبراو رەتیشی کردەوە، کە ئەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەوڵێک بووبێت بۆ پەراوێزخستن و سزای سیاسی هیچ لایەنێک بووبێت، بەڵکو دانیشتنێکی یاسایی بووە، ئەوەیشی خستە روو کە ئامادەییشیان تێدایە لە لیژنەکانی دیکە قەرەبووی فراکسیۆنەکانی دیکە بکەنەوە، لە کاتێکدا ئەوان وەکو فراکسیۆنی پارتی سازشیشیان لە مافی خۆیان کردووە، ئەوەیشی بە یەکێ لە شانازییەکانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان ناوبرد.
 
ئومێد خۆشناو پێشی وابوو، کە ئەم خولە پەرلەمانێکی کارا و ئەکتیڤ دەبێت، وەک پارتییش کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانەکەیە، کاریشی بۆ دەکەن، رەتیشی کردەوە، کە مەبەست لە دیاریکردنی لیژنەی یاسایی، بابەتی یاسای سەرۆکایه‌تی هەرێم بێت، هاوکات ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە لەسەر داوای سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پەنایان بۆ دەستنیشانکردنی لیژنەکان لەسەر بنەمای بەرکەوتە دیاری بکەن، وەکخۆی گوتیشی: "نامەی سەرۆکی فراكسیۆنی یەکگرتووم لایە، کە داوا دەکات بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژردن لیژنەکان یەکلابکرێنەوە، هاوکات واز لە رێککەوتن بێنین".
 
خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار