٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و فرانسوا ئۆلاند كۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر. جەختیشی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 26/2/2019، پێشوازی لە فرانسوا ئۆڵاند، سەركۆماری پێشووی فەڕەنسا و دۆستی گەلی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، ئۆڵاند وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەم سەردانە، پوختەیەكی دەربارەی سەردانە‌كەی و بەسەركردنەوەی چەند ناوچەیەكی مووسڵ و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی شەهیدی ڕۆژنامەوان شیفا گەردی پێشكەش كرد، هەروەها باسی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتای شەڕی داعش و بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كرد‌ و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران، جەختیشی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست لە ناوچە زیانبەركەوتووەكان كردەوە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و دۆستایەتیی بەڕێزیان و هاوكارییە بەردەوامەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان لە كاتە سەختەكاندا كرد و ڕۆڵی فەڕەنسای لە لابردنی ئابڵووقەی سیاسی و دیپلۆماسیی سەر هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەكردنی بەشێك لە گرفتەكان كرد و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی و چارەكردنی كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆوە، دووپات كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش كرد، كە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەئارادایە و لەمبارەیەوە ئێستا هەماهەنگیی ‌نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانزمێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، وێڕای ئەوەی كە هەولێر و بەغدا لە چەند بواری دیكەدا‌ بۆ چارەكردنی كێشەكان لە گفتوگۆدان.

هەواڵی پەیوەندیدار