د. ڕێكەوت بۆ ماڵپهڕی KDP: نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەكرێتەوە

هەڵەبجە-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا پێش 16-3ـی ئەمساڵ، كە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بە ڕووی بەركەوتوواندا بكاتەوە.
د. ڕێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بڕیاری كردنەوەی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە دراوە لە پێش ڕۆژی 16-3ـی ئەمساڵدا، كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی كیمیابارانكردنی ئەو شارە".
حەمەڕەشید گوتی: "لە ئێستادا تەنیا دابینكردنی نەسرییەی مانگانە ماوە بۆ نەخۆشخانەكە، كە ئێستا لە بەردەست وەزیری داراییە و بۆ خواردن و پاكڕاگرتنی نەخۆشخانەكە دەبێت".
وەزیری تەندروستی هێما بۆ ئەوەش دەكات: "پزیشكانی پسپۆڕمان بۆ نەخۆشخانەكە دامەزراندوون، وەك پزیشكی هەناو و چاو و پێست، هەروەها زیاتر لە 290 كارمەند بە گشتی بۆ نەخۆشخانەكە دامەزرێنراون".
هێڤیار ههڵهبجهیی




