كلارا عودیشۆ: داوای ژمارەیەك پۆستمان كردووە.. پارتی رەزامەندیی نیشان داوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، زانیاریی نوێ لەبارەی بەشداریی پێكھاتەی كریستیان ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لەبری جێگری سەرۆكی پەرلەمان، داوای ژمارەیەك پۆستی ئیدارییان كردووە و پارتییش رەزامەندیی نیشان داوە.
كلارا عودیشۆ، سەرۆكی فڕاكسیۆنی كلدانی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێكھاتەی كریستیان بڕیاری داوە بەشدار بێت لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لە كاتی پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش بە پێكھاتەكان، كریستیان لارییان لەوە نەبووە پۆستەكە بە پێكھاتەی توركمان بدرێت، بەڵام كریستیان دەیەوێ پێگەی ھەبێت لە كابینەی نوێدا و داواكارییان ھەیە".
لەبارەی داوكارییەكانیانەوە، ئەو بەرپرسەی كریستیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی، بەڵام ئێمە پێشنیازی خۆمان داوەتە شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەوانیش بە شێوە گشتییەكەی رەزامەند بوونە لەوەی چەند پۆستێك لە حكوومەت بە كریستیانەكان بدرێت، لە وەزیرەوە بگرە تا راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان".
عودیشۆ دهشڵێ: "بە ھۆی زۆریی ژمارەی كریستیانەكان لە سنووری پارێزگای دھۆك، ئێمە داوای پۆستێكی دیكەشمان كردووە ئەویش جێگری پارێزگاری دھۆكە، چونكە مادام ژمارەیەكی زۆری كریستیان لەو پارێزگایەن، لەوێ دەتوانێ خزمەت بە خەڵكی سنوورەكە بە گشتی و كریستیان بە تایبەتی بكات".
نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی: "ئێمە وەك گەلێكی رەسەنی ھەرێمی كوردستان پێشتر ھاوكار بووینە لە سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستان و ئێستاش بەرگری لێ دەكەین، لەبەر ئەوە ھەموو ھەوڵێكمان بۆ ئەوە دەبێت كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەركەوتوو بێت، چونكە دواجار ئێمە ھەموومان پێكەوە وڵات بەڕێوە دەبەین و ھەرلایەنە و بە گوێرەی قەبارەی خۆی بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە ئەستۆ".
قائید میرۆ




