٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەیلا عەبدولجەبار: پارتی لە لیژنەی یاسایی په‌رله‌مان ٤ ئەندامی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە، دواتریش لیژنەکە لە نێوخۆیاندا کۆدەبنەوە و سەرۆک و جێگر و بڕیاردەریش دیاری دەکەن.
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٢٤ی ئەم مانگە بانگێهشتنامەیەکی ئاڕاستەی سەرجەم پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی کرد، کە رۆژی سێ شەممە ٢٦ی٢ی٢٠١٩ سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ دانیشتنی ژمارە ١ی نائاسایی ساڵی یەکەمیان دەست پێ دەکەن، ئەویش بە مەبەستی پێکهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بە پێی مادەکانی ٢٨ و ٢٩ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
 
لەیلا عەبدولجەبار ئەندامی پەرلەمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد، کە دانیشتنەکە لە وادەی خۆیدا و لەسەر بانگهێشتی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت، کە پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرجەم ئەندامان و فراکسیۆنەکانی بۆ ئەو مەبەستە ئاگادارکردوەتەوە.
 
ناوبراو نەیشاردەوە، کە هەوڵدراوە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر یەکلاکردنەوەی لیژنەی یاسایی رێککەوتن بکرێت، بەڵام ئەنجامی نەبووە، هەربۆیەشە وەکخۆی ئاماژەی پێدا، لیژنەکە لە رێگەی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەوە یەکلا دەکرێتەوە.
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، روونی دەکاتەوە، کە لیژنەکە لە ١١ ئەندام پێکدێت، هەر فراکسیۆنێک ١٠ کورسی هەبێت، ئەندامێکی لە لیژنەکەدا دەبێت، بەو پێیەش پارتی لەو لیژنەدا ٤ ئەندامی دەبێت.
 
سەبارەت بە سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەی یاسایی، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمڕۆ تەنیا ئەندامانی لیژنەکە یەکلایی دەکرێنەوە، دواتر ئەندامانی لیژنەکە لە نێوخۆیاندا کۆبوونەوەیەک دەکەن و هەریەکە لە سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەکە دیاری دەکەن.
 
 
خێڵان بەختیار
 
 
 
 
 
 
 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار