چینوتوێژەكانی سۆران: زووپێكهێنانی حكوومەت لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە
__2019_02_25_h19m13s15__HK.jpg)
سۆران-KDP-info- چینوتوێژەكانی دەڤەری سۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پارتی ڕۆڵی خۆی بۆ پێکهێنانی کابینە لەگەڵ لایەنەکان بەجێ هێناوە و پێکهێنانی کابینەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە.
سەفەری خورشید، فەرمانبەری میری لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "پارتی وەك براوەی هەڵبژاردن ڕۆڵی خۆی بەجێ هێناوە و دەستی كراوە بووە، دەبێ لایەنەكانی دیكەش بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێك بكەون و زوو حكوومەت پێك بێت، چونكە پێكهێنانی حكوومەت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە."
نازم عارف، هاووڵاتییەكی سنووری چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێمان خۆشە لایەنەكان زۆر پێك بێن و حكوومەت پێك بێت."
مەنسور عەزیز، قوتابیی بەشی یاسا لە زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "پارتی كارێكی باشی كرد، کە پەرلەمان لە 18ی مانگ كۆ بووەوە و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، ئەوەش لە ڕووی یاساییەوە تەواو بوو. جگە لەوەش، ئەوە ئێمەی وەكو خەڵكی كوردستان دڵخۆش كردووە و هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا پارتی و یەكێتی لەگەڵ یەكدی كۆ ببنەوە و حكوومەت زوو پێك بێت، چونكە دواكەوتنی پێكهاتنی حكوومەت نیگەرانییەكی زۆری لای ئێمە دروست كردووە."
لە كۆتاییدا د. كامەران میرخان، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر هیچ لە كێشەكان چارە ناكات، بەڵكو دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و كاتێكی زۆریش دەبات تا دەگەنەوە ئەو خاڵەی كە لێی وەستابوون، جگە لەوەی ئەوە وا دەكات كە پێكهێنانی حكوومەت دوا بكەوێت، بۆیە پێویستە لەو خاڵەوە دەست پێ بكەنەوە كە لێی وەستابوون، تا هەرچی زووە حكوومەت پێك بێت و نیگەرانییەكانی خەڵكیش بڕەوێنەوە".
ڕابین شێروانی




