خۆشناو: سەرۆكایەتیی داوای كردووە.. ئەمڕۆ ئەندامانمان دیاری دەكهین

هەولێر-KDP.INFO- بڕیارە سبەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بەڕێوە بچێت، كە تایبەتە بە دیاریكردنی لیژنەی یاسایی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییش دەڵێ، ئەمڕۆ كۆ دەبنەوە و ئەندامانیان بۆ لیژنەكانی پەرلەمان دەستنیشان دەكەن.
ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام بدەین، كە ئامادەكارییە بۆ دابەشكردنی ئەندامەكانی فراكسیۆن بۆ لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێ: "ئەمڕٍۆ ناوی تەواوی ئەندامانمان بۆ سەرجەم لیژنەكان بەپێی پسپۆڕی و حەز و ویستی ئەندامان دیاری دەكەین، پاشتریش كە گفتوگۆی نێوان فراكسیۆنەكان دەستی پێكرد، ناوەكان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین و بەپێی ئەو بەركەوتەیەی هەیە، بەشی خۆمان وەردەگرین نە زیاتر و نە كەمتر."
لەبارەی چۆنیەتیی رێككەوتنی لایەنەكان بۆ دابەشكردنی لیژنەكانیش، خۆشناو گوتی: "سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای لە سەرجەم فراكسیۆنەكان كردووە لە نێوان خۆیاندا تەوافوق و لێكتێگەیشتنی هاوبەش دروست بكەن بۆ دیاریكردنی لیژنە هەمیشەییەكان، بەڵام تا ئێستا هیچ سازانێكی لەو جۆرە دروست نەبووە، بۆیە باشترین رێگا، رێگای یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆیە كە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن ئەندامەكان دابەش بن بەسەر لیژنەكاندا، سبەی سێشەممەیش بڕیارە لیژنەی یاسایی دیاری بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، دوای ئەوەش لیژنەكانی تر دیاری دەكرێن".
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، (25) رۆژ لە بەردەم ئەندامان و فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەكان، كە تا ئێستا 8 رۆژ تێپەڕیوە.
نەشوان بەرزنجی




