مستەفا چاوڕەش: ئەو میللەتە چاوەڕێن پارتی و یەكێتی دەست پێبكەنەوە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێ، ھاتنی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، ھەنگاوێكی ئەرێنییە و پێویستە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەلە بكرێت و بگەنە رێككەوتن.
مستەفا چاوڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر گرنگە دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەست پێبكەنەوە، چونكە دۆخی ئەو میللەتە گەیشتووەتە ئەوەی لە دڵەڕاوكێدان و چاوەڕێن دەست پێبكەنەوە، بۆیە ھاتنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ سلێمانی، كارێكی ئەرێنییە، چونكە ژیانی خەڵك و ھەموو شتێك خراپە و پێویستی بە چارەكردن ھەیە و ناكرێت لەمە زیاتر دوا بخرێت".
چاوڕەش گوتیشی، پارتی و یەكێتی دوو كۆڵەكەی سەرەكین ھەم لە ئێستا و ھەمیش لە ڕابردوو و داھاتووشدا، بۆیە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن بگەنە رێككەوتن، پێویستیشە پەلە بكرێت لە ھاتنی شاندەكەی پارتی بۆ سلێمانی، بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە".
دەشڵێ: "پارتی و یەكێتی دوو ھێزی سەرەكیی ھەرێمی كوردستانن، بۆیە ھیوادارم دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان ئەنجامی باشی ھەبێت و ببێتە مایەی سەركەوتن بۆ ھەموو گەلی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی".
بڵند ئیبراھیم




