نووری حەمەعەلی: داعش دەیەوێ دەست بوەشێنێ.. ھۆكار ھەیە بۆ زیادبوونی ھێرشەكانیان

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند رۆژێكە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق چەندین كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، بەرپرسێكی پێشمەرگەش نایشارێتەوە، داعش لە سەرەمەرگدایە و دەیەوێ دەستی خۆی بوەشێنێ.
ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنییان نەماوە و ھەر رۆژە و لە ناوچەیەك چەكدارانی داعش ھێرشیان بۆ دەبەن و لە ھەندێ ناوچەش تەنگی بە ھێزە ئەمنییەكان ھەڵچنیوە، نووری حەمەعەلی، بەرپرس میحوەری كەركووك_ پردێ، لەبارەی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی چەكدارانی داعش، گوتی: "چەند ھۆكارێك ھەیە بۆ زیادبوونی ھێرشەكانی داعش، لەوانەش بێتوانایی و بێپلانیی ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق وای كردووە داعش دەرفەت وەربگرێت بۆ ھێرشكردن".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داعشی جاران نەماوە، بەڵام لە سەرەمەرگدایە و دەیەوێ ھەر چونێكبێت دەستی خۆی بوەشێنێ و ھەندێ چالاكی ئەنجام بدات، ئەوەتا لە سووریا شكستی ھێنا و پێم وایە خۆری داعش بەرەو ئاوابوونە، كەچی بایی ئەوەش ماوە كەڵك لە بێتوانایی ھێزە عێراقییەكان وەربگرێت".
ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە دوای رووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی پێشمەرگە، داعش تەراتێنیان تێدا دەكات، حەمەعەلی ئاشكرای كرد: "ئێمە بەردەوام چاودێریی جووڵەی تیرۆریستانی داعش لەو سنوورانە دەكەین و ھەر سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەبارەی قەبارە و خۆرێكخستنەوەی ئەو گرووپەوە".
نزیكەی دوو ساڵە داعش لە سنووری ھەرێمی كوردستان دوور كەوتووەتەوە و ھیچ ھێرشێكی بۆ سەر ھێزەكانی پێشمەرگە نەبووە، بەڵام وەك نووری حەمەعەلی روونی كردەوە، داعش دەیەوێ زەفەر بە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ببات، بهڵامئەو ھێزەی نەماوە جارێكی دیكە وانەكانی رابردوو دووبارە بكاتەو".
قائید میرۆ




