٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاوپەیمانان ئەنەکەسە بە نوێنەری شەرعی ڕۆژئاوای کوردستان دەزانن

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-   ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتی، شاندێکی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەنەکەسە لەبارەی ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کۆ بوونەوە، چونکە ھاوپەیمانان تا ئێستا ئەنەکەسە بە نوێنەری کوردانی ڕۆژئاوا دەزانن و پەیەدەش ھێندە لاواز بووە بە ھەموو مەرجێکی ڕژێم ڕازی بووە کە ددان بە ئەواندا بنێت، بەڵام ڕژێم ڕەتی دەکاتەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیانیی کورد لە سووریا، نەواف حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٢ پەیەدە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سووریا ھەبوو و دواتر کە ئەمەریکا ھاوکاریی کردن وایانزانی بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردنیان بۆیە ویستیان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دروست بکەن، بەڵام ئەمەریکا ڕێککەوتنی لەگەڵیان تەنیا بۆ شەڕی داعش بوو و ئێستا کە لاواز بوون، جارێکی دیکە دەیانەوێت ببنەوە بەشێک لە ڕژێمی سووریا و ھەموو مەرجێکی ڕژێم جێبەجێ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی ددانیان پێدا بنێت، بەڵام ڕژێمی سووریا ڕەتی کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە دداننان بە ئەواندا، واتا دابەشبوونی سووریا."

نەواف حەسەن گوتیشی: "ھاوپەیمانان ئەنەکەسە بە نوێنەری شەرعی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەزانن، بۆیە شاندێکی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەنەکەسە لەبارەی ئایندەی سووریاوە کۆ بوونەوە و تێیدا ھەموو ئەگەرەکانیان تاوتوێ کردووە، چونکە ئەنەکەسە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریایە و لە ئۆپۆزسیۆنی سووریادا نوێنەرایەتیی گەڵی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار