بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر شاندێكی حكوومەتی عێراق له ھەرێمه

هەولێر-KDP.info- شاندێكی حكوومەتی عێراق بە مەبەستی شێوازی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر، سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدانیش دەڵێ، بڕیارە لیژنەیەكی باڵا بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر پێك بێت.
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شاندێكی حكوومەتی عێراق لە دەزگای شەھیدی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە بە مەبەستی چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر، بڕیاریشە لیژنەیەك لەبارەی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی دەستی تیرۆر دروست بكرێت، كە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و شەھیدان و دادوەرێك تێیدا بەشدار دەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە سەرتاسەری عێراقدا پڕۆسەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر دەستی پێكردووە جگە لە ھەرێمی كوردستان، ھۆكاری دەستپێنەكردنی قەرەبووی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆریش لێرە، بۆ كارانەبوونی لیژنەی قەرەبووكردنەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی لیژنەكە، پڕۆسەی قەرەبووكردنەوە لە ھەرێمی كوردستانیش دەست پێدەكات.
لەبارەی ئەو بەڵگەنامانەی كە پێویستن بۆ قەرەبووكردنەوە، عوسمان دەڵێت: "ھێشتا لیژنەكە دەستبەكار نەبووە تا بزانین چی پێویستە، شاندی حكوومەتی عێراق داوای ھیچ بەڵگەنامەیەكی لە ئێمە نەكردووە، بەڵام پڕۆسەكە لەسەر ئاستی عێراقدا بەڕێوە دەچێت و لە ناوچەكانی دیكە چی پێویستە، ھەر ئەویش بۆ ھەرێمی كوردستان پێویست دەبێت".
قائید میرۆ




