٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاڵی: نێچیرڤان بارزانی بە ھەموو پێوەرەكان سەركەتوو بووە.. ھەرێم دەباتە قۆناغێكی دیكەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- كەسایەتییەكی سیاسیی كورد پێی وایە، ھەرێمی بێ سەرۆك وەك مرۆڤێكی بێسەرە و دەشڵێ، دەزگای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر پێگەی ھەرێمی كوردستان ھەیە و وەرگرتنی ئەو پۆستەش لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، ھەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكەوە.

دكتۆر سامان شاڵی، سیاسی و ئەكادیمیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لای من ھەرێمی كوردستانێكی بێ سەرۆك، وەك ئەوە وایە مرۆڤێك لاشەی ھەبێت، بەڵام ھیچ سەری نەبێت، لەبەر ئەوە پێم وایە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێویستە بۆ  وڵاتی ئیمە، تا نوێنەرایەتیی ھەرێمی كوردستان بكات لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ھەروەھا بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ھەرێمییش".

بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ھەموار بكاتەوە و تێیدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەنێو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت، تا ئەو كاتەی لەنێو دەستووری ھەرێمی كوردستان لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن لەسەر شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم، ئەو كەسایەتییە سیاسییەی كود ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێویستە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا كۆدەنگییەك لەسەر پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ھەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی لایەنەكانە ھەنگاوی جیددی بنێن بۆ ئەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژێرن و جارێكی دیكە ئەو دەزگا گرینگە كارا بكرێتەوە".

رۆژی ٣/١٢/٢٠١٨، پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی خۆیدا بڕیاری دا بە كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان.

پەیوەست بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، دكتۆر سامان شاڵی روونی كردەوە: "نێچیرڤان بارزانی پیاوی دەوڵەتە و كەسێكی ناسراوە لەسەر ئاستی جیھان و ناوچەكەدا، سێ خول سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان بووە و بە ھەموو پێوەرەكان سەركەتوو بووە لە كارەكەیدا، ئەوەش ھۆكارێكە كە نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت و سەردەكەوێت، لەبەر ئەوە پێم وایە كاندیدی پارتی كەسێكی شیاوە بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار