ئەمڕۆ لە تاران ونبوویەكی هەڵەبجەیی بە كەسوكاری شاد دەبێتەوە
__2019_02_21_h10m50s27__RM.jpg)
هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێ، ئەمڕۆ لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، مەراسیمێكی تایبەت بۆ شادكردنەوەی منداڵێكی ونبووی هەڵەبجەیی بە كەسوكاری، ڕێك دەخرێت.
لوقمان عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە مانگی 5ـی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن نوێنەرایەتیی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە وڵاتی ئێران، ئاگادار كراینەوە بەوەی كە كەسێك خۆی بە مەنداڵی هەڵەبجەیی دەناسێنێت و بەپێی ئەو بەڵگانەی پێیەتی منداڵی ونبووی هەڵەبجەیە، بۆیە لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردوودا ڕۆیشتینە ئێران و لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لەو وڵاتە تەواوی ئەو بەڵگانەی پێی بوو دامان بە لایەنی پەیوەندیدار لەو وڵاتە، بەڵگەكانیش پشتڕاست كرانەوە كە منداڵی هەڵەبجەییە".
عەبدولقادر گوتیشی: "دواتر گەڕاندمانەوە بۆ كوردستان و لە بەردەم دادگای هەڵەبجەدا گوتەی لێ وەرگیرا، هەروەها لە 8-1-2019 لە سلێمانی سمپڵی خوێنی لێ وەرگیرا بۆ پشكنینی (دی ئێن ئەی)، دوای ئەوەش كە لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە هەواڵەكەمان بڵاو كردەوە، خێزانێك پەیوەندییان پێوە كردین و گوتیان بەپێی ئەو بەڵگەیەی ئەو كوڕە پێیەتی، منداڵی ئێمەیە".
__2019_02_21_h10m49s38__RM.jpg)
دەشڵێ: "ئەو خێزانە خۆیان ڕۆیشتنە ئێران و پشكنینی (دی ئێن ئەی)ـیان ئەنجام دا، كە پشكنینەكە دەریخست منداڵی ئەو خێزانەیە، ئەو كوڕەش ناوە ئێرانییەكەی (محەممەد ئەمین ئیسماعیلییە)، هەروەها ناوە ڕاستەقینەكەشی، كە ناوە كوردییەكەی دەكات، (خەلیل ساڵح محەممەد)ـە و خێزاندارە و خاوەنی منداڵێكە، ئێستاش لە شاری قوم نیشتەجێییە و دایكیشی ناوی (مەلیحە)ـیە و خەڵكی ناحیەی بیارەیە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەشی دا: "ئەمڕۆ لە تاران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە مەراسیمێكی تایبەت ڕێك خراوە كە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم و باڵیۆزخانەی حكوومەتی عێراق و نوێنەرایەتیی كۆمەڵەی قوربانیان تێیدا بەشدارن و تایبەتە بە شادكردنەوەی دایك و كوڕەكە".
هێڤیار هەڵەبجەیی




