هاونیشتیمانیان بە گرینگییەوە لە كابینەی نۆیەم دەڕوانن.. داواكارن هەوڵی باشتربوونی گوزەرانیان بدرێت

هەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هاونیشتیمانیان بە گرینگییەوە باس لە پرۆسەی سیاسی و پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، داواكاریشن حیزبەكان بەرژەوەندییەكانیان بەوەلا بنێن و هەوڵی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان بدەن.
جەردیس نەسروڵڵا، دانیشتووی شارەدێی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لای من ھەواڵێكی زۆر دڵخۆشكەر بوو كاتێك بینیم سەرۆكی پەرلەمان و دەستەكەی ھەڵبژێردران، دوای ماوەیەكی زۆر خەڵك هێشتاش چاوەڕێی پێكھێنانی حكوومەتن، بۆیە داواكارین لە ھەموو حیزبەكان بەرژەوەندییەكانیان بەلاوە بنێن و بە زووترین كات بۆ پێكهێنانی حكوومەت رێك بكەون".
ئاواز شێرزاد، قوتابیی پەیمانگای تەكنیكیی رواندز و دانیشتووی ناحیەی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "وەك ئافرەتێك ئەم هەنگاوە بە گرینگ و پێویست دەزانم، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و دەستنیشانكردنی ئافرەتێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پڕۆسەكەی پڕبایەختر كردووە".
گوتیشی: "ئەمە ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشچوونی شێوازێكی سەركەوتوو لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسی، هەروەك هەموومان دەزانین ئافرەت لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا نەگەیشتبووە ئەو ئاستەی پێگەی بەرزی هەبێت لە دەسەڵات و بەشدارێكی ڕاستەقینەی پرۆسەی سیاسی بێت، بەڵام ئەم جارە ئەم ڕێچكەیە شكێندراوە و ئێمەی ئافرەت دەبێت شانازی بەم شێوازەی پڕۆسەی سیاسییەوە بكەین، من دڵنیام ئەم جارە كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە هەنگاوی باش دەچێتە پێشەوە".
رێناس وەھبی، قوتابی لە زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "وەك قوتابییەك دەمەوێت كابینەی نوێی حكوومەت یەكەم كاری چاككردنی بژێویی هاووڵاتیان بێت، هەروەها پێداچوونەوە بە هەموو پۆستە ئیدارییەكاندا بكات و هەموو بەڕێوەبەرەكان بەپێی پسپۆڕی و لێهاتوویی دابنێت، جگە لەوەش زیاتر گرینگی بە ناحیە و گوندەكان بدات، چونكە سەرچاوەی سامانی كشتوكاڵی و كەرتی ئاژەڵداریی گرینگن".
سیروان سابیر




