٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگار بۆ KDP: شاندی یەكێتیی ئەورووپا دڵخۆش بوون.. خەڵك لە سەروماڵی خۆی دڵنیایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر دەڵێ، شاندی یەكێتیی ئەورووپا لەناو بازاڕی شاری هەولێر زۆر دڵخۆش بوون بەو ئارامی و ئاوەدانییەی كە هەیە، ئەمەش پەیامێكە بۆ هەموو جیهان كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە.

درەنگانی دوێنێ شەو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا، كە جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكای تێدا بوو، لەناو بازاڕی شاری هەولێر گەڕان و چوونە شوێنە گشتییەكان. نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شاندەكە بینییان بەو درەنگانەی شەو دوكاندارەكان دەرگای دوكانیان دانەخستووە و پەردەیان لەسەر كەلوپەلەكانیان داناوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە ئارامی و سەقامگیری گەیشتووەتە ئاستێك كە خەڵك لە سەروماڵی خۆی دڵنیایە، ئەمەش پەیامێكە بۆ جیهان كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە شوێنە ئارامەكان بە بەراوردی ئەو رووداوانەی لە دەوروبەریدا روو دەدەن".

هادی گوتیشی: "ئەو ئارامی و پێكەوەیی و پێكەوەژیانەی لە هەولێر و كوردستان هەیە، زۆر گرینگە و ئەو شاندەش ناو قەیسەریی گەورەی شاری هەولێریان بینی كە چۆن خەڵك دوكانەكانیان دانەخستبوون، ئەوەش نیشانەی بڕوابوونە بە دەزگای ئەمنی و كولتووری دەوڵەمەندیی خەڵكیشە".

دەشڵێ: "شاندەكەی یەكێتیی ئەورووپا، پاڵپشتییان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئومێدەوارین ئەمەش پەیامێك بێت بۆ پێشكەوتنی زیاتری كوردستان".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار