٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەحموود: ناكۆكییەكە گەورە نییە.. پارتی و یەكێتی دەتوانن كێشەكە چارە بكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد گوتی، پارتی و یەكێتی لە كۆی ١٨خاڵی رێككەوتنی نێوانیان، تەنیا لە یەك خاڵدا ناكۆكییان ھەیە و ئەویش كەركووكە، بۆیە كێشەكە گەورە نییە و دەتواندرێت بە گفتوگۆ چارە بكرێت.

 د. مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە یەكێتی و پارتی لەسەر گفتوگۆی نێوانیان بەردەوام بن تاوەكو دەگەنە رێككەوتن، چونكە پێشتریش لە حكوومەتەكانی ڕابردوودا ھەر وابووە، دەشگوترێ كە یەكێتی و پارتی لە كۆی ١٨خاڵی نێوانیان، تەنیا لەسەر خاڵی كەركووك ناكۆكن، بۆیە خاڵە ئەرێنییەكان زۆر زیاترن و دەتوانن بە ئاسانی بگەنە رێككەوتن، چونكە ناكۆكییەكە گەورە نییە".

عوسمان گوتیشی: "پارتی و یەكێتی پێویستە ھەر چۆنێك بێت لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە بگەنە رێككەوتن، چونكە جێگرەوەی گفتوگۆ، ھەر گفتوگۆیە و ھیچ رێگەی دیكە نییە بۆ ئەوەی كێشەكانی پێ چارە بكەن".

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد باسی لەوەش كرد، باشتر وایە پێش ئەوەی دەستی دەرەكی بێتە ناو كێشەكانەوە، لە ناوخۆ چارە بكرێن، چونكە كێشەكان ھێندە گەورە نین تا چارە نەكرێن.

دەشڵێ، بۆ كەركووكیش پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە ئینجا ھەنگاوەكانی دیكە بنرێن، وەك ھەڵبژاردنی پارێزگار و چارەكردنی سەرجەم كێشەكانی دیكە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە چارەكردنی سەرجەم كێشەكاندا.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار