خۆشناو بۆ ماڵپهڕی KDP: هەنگاوی دووهم و دواتری پهرلهمان ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستنیشان كراوە، هەنگاوی دووەم دەستنیشانكردنی لیژنەكان دەست پێ دەكات و وەك سەرەتاش لیژنەی یاسایی یەكلا دەكەنەوە، جەختیش لە دەستبەردارنەبوونی پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكاتەوە.
ئومێد خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد، كە یەكەم هەنگاوی دوای دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە یەكلا كرایەوە، تەشكیلكردنی لیژنەكانی پەرلەمان و لە ناویشیاندا لیژنەی یاسایی دەبێت.
خۆشناو، تیشكی خستە سەر گرینگیی لیژنەی یاسایی، كە یەكەم هەنگاویان دەبێت، بەو پێیەی بێ ئەو لیژنەیە، ناتوانن نە یاسا دەربكەن، نە هەمواری یاساش بكەن، نە دەشتوانن بڕیار دەربكەن، هەربۆیەشە لە دوێنێوە بۆ ئەو مەبەستە دوو كۆبوونەوە لە نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان ئەنجام دراون.
ئەو روونی دەكاتەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسەش دوو رێگەیان لە بەردەمدایە، وەك رێككەوتن، یا بەركەوتی هەڵبژاردنە، وەك پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بۆ كرد، گەر بێت و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی ئەو لیژنەیە نەكرێت، ئەوا ناوەڕاستی هەفتەی دابێت كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت و بە پێی بەركەوتەی هەڵبژاردن لیژنەی یاسایی یەكلا دەكەنەوە.
هەنگاوی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران
ئومێد خۆشناو جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دواتر لە پەرلەماندا یاسای سەرۆكایەتی بەكار دەخرێتەوە و هەموار دەكرێتەوە، پاشان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ئەوكات ناونانی سەرۆكوەزیران پەسەند دەكرێت، كە لە لایەن گەورەترین فراكسیۆنەوە پێشكەش دەكرێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی دەكات.
خۆشناو تیشك دەخاتە سەر ئەوەی بە پێی یاسا دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ سپاردنی سەرۆكوەزیران دەردەچێت، كە دواتر كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن دەست بە گفتوگۆكانی دەكات و دوتر كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان دەكات و متمانەی پێ دەدرێت.
سەبارەت بەو هەنگاوانەش، خۆشناو دەڵێ، كە پەرلەمان گەرموگوڕە بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوە یەك لە دوای یەكەكان، هەروەها پێشتریش گفتوگۆ كراوە و لایەنەكانیش لە یەكتر نزیكن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، وەكو پارتیش هەوڵ دەدەن هەنگاوەكان خێراتر بكەن، ئەویش بە هاوكاریی فراكسیۆنەكانی دیكە.
پڕۆژەی چاكسازی
ئومێد خۆشناو دڵنیاییشی لە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی دا، كە وەك فراكسیۆنی پارتی یەكێك لەو یاسایانە دەبێت، كە بە هیچ جۆرێك دەستبەرداری نابن، ئەویش لە دوای تەواوبوونی هەنگاوەكانی پێشتر، یەكەم كاریان پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە دەبێت.
خێڵان بەختیار




