٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكەم هەنگاوی كوردستانێكی بەهێز دەستی پێكرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد رایدەگەیەنێت، یەكەم هەنگاوی كوردستانێكی بەهێز دەستی پێكرد. دەشڵێ، ئەركی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەهێزكردنی بنەمای ئابووری و ئەنجامدانی چاكسازی دەبێت.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، رۆژی ١٨ی ئەم مانگە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەرێمی كورستان هەڵبژێردرا. مەسعوود حەیدەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو هەنگاوەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لە ناو ھۆڵی پەرلەمانی كوردستان، بە یەكەم ھەنگاوی ئەرێنیی سیاسی بۆ دەستپێكردنی كوردستانێكی بەھێز دەزانێت، ئەویش بە ھەبوونی بەرەیەكی بەھێزی حكوومەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان.

مەسعوود حەیدەر، بە ماڵپەڕی فەڕمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان، درێژەپێدەر و تەواوكاری حكوومەتەكانی پێشووترە و، ئەركی سەرەكی بەھێزكردنی بنەمای ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش بە ئەنجامدانی چاكسازیی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ھەر شوێنێك، كە بوونی ھەبێت.

ناوبراو گرینگیی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان لەوەشدا دەبینێتەوە، كە حزبەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی كوردستان و پێكھاتەكان پێكی دەهێنن، ئەوەش وا دەكات، كە پانتاییەكی سیاسیی فراوان و بەھێز بۆ حكوومەتی ھەرێم دەستەبەر بكەن، پێشی وایە وەكو فاكتەرێكی بەھێز دەبیندرێت و سەقامگیریی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان زامن دەكات، هاوكاتە بە ھەبوونی سەقامگیری ئەمنی، كە ھەرێمی كوردستان پێشەنگە لەم ناوچەیە و ھەبوونی سەقامگیری سیاسی وا دەكات، كە بووژانەوەی ئابووری بەرچاو لە چوار ساڵی داھاتوو بە خۆیەوە ببینێت.

ئەو سیاسەتمەدارە جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە ئەو جیاوازییەی لە تێڕوانینی سیاسی لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ھەیە، چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا چارە بكرێن و سەركردایەتیی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بە تێڕوانینێكی نیشتمانی و، بە بوونی حكوومەتێكی بەھێز لە چوار ساڵی داھاتوو، ھەرێمی كوردستان بەھێزتر بكات و، لەو جموجۆڵە نێودەوڵەتییەی لە ناوچەكە ھەیە، بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەرێم دەستبەر بكات و، لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییشەوە كوردستانێكی بەھێز دەبین.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار