دڕهیی: پارتی باشتر دەڕوانێتە دۆخەكە.. د. سالار: گۆڕان بە روانگەیەكی نوێوه هاتۆته مەیدان

ھەولێر-KDP.info- كادیرێكی دیاری پارتی، رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بە گرینگ دەزانێت بۆ ئەم قۆناغە و پێیشی وایە، بزووتنەوەكە جۆرێك لە تێگەیشتنی ئەرێنی لە لا دروست بووە، هەڵسووڕاوێكی دیاری گۆڕانیش دەڵێ، پارتی تەجرووبەی وەرگرتووە، كە كۆڵی قورسی حكومڕانی دابەشی سەر لایەنەكانی دیكەش بكات.
لە گرژییەوە بۆ رێككەوتن
دكتۆر سالار عوسمان، ئهندامی دهزگای ڕۆشنبیری و ڕاگهیاندنی پارتی، كه بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا، رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان لەم قۆناغەدا بە گرینگ و بایەخدار دەزانێت.
ناوبراو دەشگەڕێتەوە بۆ رابردوو و ئاماژە بە ناكۆكییە قوڵەكانی نێوان هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كورستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەدات، بەو پێیەی ئەو بزووتنەوەیە سەرقافڵەی ئۆپۆزسیۆن بووە، ئەم رێككەوتنەی نێوان هەردوولایەنیشی بەوە وێنا كرد، كە جۆرێك لە تێگەیشتنی ئەرێنی لای بزووتنەوەی گۆڕان دروست بووە، تا حكوومەتداری بە تێگەیشتنێكی جیاواز بكەن و بەشدار بن لە حكومڕانیی هەرێمی كوردستان.
بابەكر دڕەیی، هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، بەو پێیەی هەرێمی كورستان لە ناوچەكەدا سەنگی خۆی هەیە، رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو لایەن بە گرینگ بۆ ئەم قۆناغە دەزانێت، چونكە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەبێتە هۆی پێشخستنی دۆخی ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان.
دڕەیی هیواش دەخوازێت ئەو رێككەوتنەی نێوانیان هەتا سەر بێت و هەردوو لا هەست بە براوەیی بكەن، بەو پێیەی ئەوان وەك گۆڕان هەست بەوە نەكەن لە رابردوودا غەدریان لێ كراوە.
پارتی و گۆڕان، كاری پێكەوەیی

دكتۆر سالار، ئەو تێگەیشتنە جیاوازەی بزووتنەوەی گۆڕان روون دەكاتەوە، كە دەیانەوێت بە روانگەیەكی نوێ و تێگەیشتن و میكانیزمێكی ئارام بێنەوە مەیدان، ئەو تیشكیش دەخاتە سەر تێڕوانینەكانی گۆڕان، چاكسازی و سیستمی سیاسی و چاككردنی بژێویی هاووڵاتیان بە نموونە دێنێتەوە و پێشی باشە كاری بۆ بكرێت، كە پارتیش هەمان بیر و رای هەیە، وەك خۆی جەختی لەسەر جێبەجێكردنی كردەوە، ئەوەیە دەبێت بە میكانیزمێكی ئارام لە سوودی وڵات و هاووڵاتیاندا بێت و حكوومەتی پێ تۆكمە بێت.
هەربۆیەشە بابەكر دڕەیی، جەختی لەوە كردەوە كە داواكارییەكانیان، لە لایەن پارتییەوە قبووڵ كراوە و داخوازییەكانی گۆڕان پێشێل نەكراوە، پێشی وایە دەتوانن پێكەوە كار بۆ بەرەوپێشەوەبردنی هەرێمی كورستان لە بوارە جیاجیاكاندا بكەن.
كادیرەكەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، كە وەك چاودێرێك دەڕوانێتە تابلۆی سیاسیی حزبەكانی هەرێمی كوردستان و پێیوایە بزووتنەوەی گۆڕان تێگەیشتنی خۆی لە هەڵچوونەوە بۆ ئارامی گۆڕیوە، لە كەرتكردنی هەندێ كاری پێكەوەییەوە گۆڕیوە بۆ كاركردنی پێكەوەیی، كە ئەوەش بە لای دكتۆر سالارەوە بە قازانجی حكوومەت و هاووڵاتیانی كوردستان دەشكێتەوە.
هەڵسووڕاوە دیارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان دەشڵێ، ئەوان رێز لە پارتی دەگرن، چونكە لەم وڵاتەدا تەجرووبەیان هەیە و ئەوانیش بەرنامەی تایبەتی خۆیان بۆ حكومڕانی لە هەرێمدا هەیە، بۆیە بە قبووڵكردنی پڕەنسیپەكانی بزووتنەوەكەیان لە لایەن پارتییەوە، دەتوانن پێكەوە بەو رێككەوتنەی لە نێوانیاندا هەیە، لە ناو حكوومەتدا وڵات بەرەو پێشەوە ببەن و سوود بە كۆی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بگەیەنن.
بابەكر ئاماژەش بەوە دەدات، كە پارتی تەجرووبەی گۆڕاوە و باشتر دەڕوانێتە دۆخەكە، بەو مانایەی هەنگاوی ناوە كە پێكەوە كار بكەن، تا خزمەت بە میللەت بكەن، لە سەرجەم بوارەكانی هەرێمی كوردستان هەر لە بژێویی ژیانی هاووڵاتییانەوە تا هەیكەلی حكومڕانی، كە هەزاران كەسی نەشیاو لە پۆستە جیاجیاكاندا داندراون، لاببرێن، حیزب لە حكوومەت بچێتە دواوە و حكومڕانییەكی درووست بێتە كایەوە.
یەكێتی چاویان لە كوردستانە، یا كێشەكانی خۆیان؟
سالار عوسمان، ئەو گۆڕانی بۆچوونەی بزووتنەوەكە، كە هەڵقووڵاوی زۆنی هەڵچوونە، وەك پەیامێك بۆ یەكێتیی نیشتیمانی دەڕوانێت، كە بەو حزبە بڵێ، "من دەتوانم هەندێ لە هاوكێشەكان بگۆڕم"، دكتۆر سالار دەشڵێ، دەبێ بە باشی بڕوانینە ئەو هەنگاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، هەم یەكێتیش دەبێت لەم پەیامە تێبگات و پارتی و گۆڕان دەتوانن پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەڕێوە ببەن و حكوومەت پێك بهێنن و ژیانی هاووڵاتیانیش باش بكەن.
دكتۆر سالار پرسیار دەكات، كە ئایا یەكێتی چاویان لە كوردستان و ژیانی هاووڵاتیانە، یان تەنیا زوومیان لەسەر كێشەكانی خۆیانە؟ ئایا دەیانەوێت حكوومەتێكی تۆكمە دروست بكەن، یا خەریكی پشكپشكێنە و رازیكردنی ئەم باڵ و ئەو باڵ دەبن؟ ئەو هیوایشی خواست لەم رۆژە گرینگ و مێژووییەدا، یەكێتی بتوانێت كوردستانی بێت و گەورەتر لە ململانێ ناوخۆییەكانی بیر بكاتەوە، بەو پێیەی هیچ شتێك لە ململانێ ناوخۆییەكانیان شین ناكەن، بگرە تا رادەیەكی زۆر ئەو حزبە زەرەری كردووە.
بابەكر دڕەیی، پێیوایە پارتی دیموكراتی كوردستان تەجرووبە كۆ دەكاتەوە، ئێستاش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی خوێندنەوە بۆ لایەنی بەرانبەر بكات، ئەو نایشارێتەوە، كە هەست بەوە دەكات پارتی لەم قۆناغەدا، دەیەوێ بەشداری بە لایەنەكانی دیكە لە حكومڕانیدا بكات.
گوتیشی: "ئەركی بەڕێوەبردنی وڵات قورسە بە تەنیا لایەنێك ئیدارەی بدات، دابەشكردنی كۆڵی ئەركی حكومڕانی بەسەر لایەنەكانی دیكەدا لە لایەن پارتییەوە، بارگرانی لەسەر شانی خۆی ناهێڵێت".
ناوبراو دەشگەڕێتەوە، بۆ سەر رێككەوتنەكەی نێوانیان و روونی دەكاتەوە، كە دوور و نزیك ئاگاداری خاڵەكانی رێككەوتنەكەیە و جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە هیچ لایەنێكیان نواندن و نمایش ناكەن، بەڵكوو بە واقیعی هەردوولا لە یەك چوونەتە پێشەوە و هەر بە واقعیش هەردوو لا دەیانەوێت خزمەت بكەن.
خێڵان بەختیار




