پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یهكێتی لاوان و یهكێتی قوتابیانی كودستان

هەڤاڵان: سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانی تێکۆشەر
سڵاوی خەبات و تێکۆشان،
بە بۆنەی (٦٦)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانهوه گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان دەکەم و هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.
یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و سەرمەشقی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.
ڕۆڵی ڕێکخراوەییتان لە خزمەتکردنی خواستەکانی توێژی قوتابیان و بەئامانجگەیاندنی داواکانیان بە شێوازی مەدەنی و شارستانی، بەرز دەنرخێنین. بەشداریکردنی کاراتان لە داڕشتن و گەشەپێدانی سیستمی خوێندن و پەروەردە و پێشکەوتنی کایەی زانستیدا بەرپرسیاریەتێکی گرنگ و کاریگەری ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتانە، قۆناغی هەستیاری ئێستاشمان ئەرکی زیاترتان لێدەخوازێ، بە تایبەت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی زیاتری توێژی قوتابیان لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی دەرهەق بە ئەرکەکانیان وەک توێژێکی چالاک و کاریگەری نێو کۆمەڵگا، لە پێناو ئایندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمان.
هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانتان. بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
١٨/٢/٢٠١٩
هەڤاڵان: سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستانی تێکۆشەر
سڵاوی خەبات و تێکۆشان،
بەبۆنەی (٦٦)هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتییە تێکۆشەرەکەتانهوه، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و كادیر و ئەندامانی ڕێكخراوەكەتان و سەرجەم لاوانی ئازیزی كوردستان دەكەم، ئومێدەوارم هەمیشە لە كار و چالاكی و كۆششەكانتان بۆ خزمەتکردنی خواست و داواکانی توێژی لاوان بەردەوام بن و ئەم یادە هاندەری هەنگاوی گەورەتر و سەرکەوتنی زیاترتان بێت.
مایەی شانازییە بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان کە خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەباتێکی نەپساوە و کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی سەرجەم لاوانی کوردستان بووە و سەرمەشقی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیییە لە کوردستاندا و دەیان سەرکردە و تێکۆشەری لێهاتووی پێشکەش بە کۆڕی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان کردووە.
لاوان سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانین و پارێزەری بوون و دەستکەوتەکانن و توێژێکی گرنگ و کاریگەر و داینەمۆی داهێنان و پێشەنگی گۆڕانکاری و گەشەسەندنی كۆمەڵگان، کار و خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان وەک ڕێکخراوێکی کاریگەر لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازیماندا، وەک کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی سەرجەم لاوانی کوردستان و ڕۆڵی دڵسۆزانەتان، بەرز دەنرخێنین.
هەلومەرجی چارەنووسسازی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانیش ئەرک و خەباتی زیاتر لە هەموو لایەک دەخوازێت، یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان لە پێشەنگی ئەو کاراکتەرە سەرەکیانەی کۆڕی خەبات و تێکۆشانە کە چاوەڕێی ڕۆڵی کاریگەری لێدەکرێت بە تایبەت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هەستی ئینتیما و بەرپرسیارێتی لای لاوان دەرهەق بە ئەرکەکانیان وەک تاکی بەرهەمهێن و چالاک و کاریگەری کۆمەڵگاکەیان لەگەڵ بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان، لەپێناو سەقامگیریی زیاتر و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گەل و نیشتیمان.
هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی تێکۆشەر.
سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم شەهیدە قارەمانەکانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
١٨/٢/٢٠١٩




