قوتابیان لە خەبات و تێكۆشان بەردەوام دهبین

ھەولێر-KDP.info- لە یادی دامەزراندنی ٦٦ سـاڵەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا، قوتابیان و بەرپرسی لقەكانی (ی.ق.ك)، بەڵێن دەدەن و پەیمان نوێ دەكەنەوە، كە ھەموو ھەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ مانەوەی پێگەی ھەمیشە مەزن و كاریگەری رێكخراوەكەیان، قوتابیان ئەو گوتەیەی بارزانیی نەمریان كردووە بە مارشی خزمەت و بەرگری، كە دەڵێت: (قوتابیان سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێكدا).
لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كە لە ٢٦ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە كەركووك بەسترا، لەسەر راسپاردەی بارزانیی نەمر، لە ١٨ی ٢دا ئهو رێكخراوە دامەزرێندرا، وەكو پێویستییەك كە قوتابیان و لاوانی كوردستان ھەست بكەن ڕێكخراوێك ھەیە لە كوردستان بەرگری لە ماف و داخوازییەكانیان دەكات و گرینگی بە ئاستی زانست و ھۆشیاریی نەتەوەیی و خەباتی گەلی كوردستان دەدات.

ھونەر محەممەد، بەرپرسی لقی قەڵاتی ھەولێری (ی.ق.ك) رایگەیاند: "بەڵێن دەدەین و پەیمان نوێ دەكەینەوە، ھەموو ھەوڵ و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ مانەوەی پێگەی ھەمیشە مەزن و كاریگەری رێكخراوە تێكۆشەرەكەمان و خزمەتكردنی توێژی قوتابیان و داكۆكیكردن لێیان وەك ھەمیشەش ئەوە ئەولەوییەتی كارەكانمان دهبێت".
ئەمڕۆ 18ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی فەرەنسۆ هەریرییە، لە رۆژی 18ـی شوباتی 2001، ژمارەیەك تیرۆریست لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، فەرەنسۆ هەریرییان كردە ئامانجی كردەوە چەپەڵەكانیان و شەهیدیان كرد.

قوتابیان لەو رۆژەدا ئاماژە بە شەهیدبوونی فەرەنسۆ هەریری دەكەن، وەك ھونەر محەممەد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دروود دەنێرین بۆ گیانی پاكی سەركردە (فەرەنسۆ ھەریری) كە لەو ڕۆژەدا بە دەستی چەپەڵی تیرۆرستان شەھید كرا، كە ناوبراو چەندین پرۆژەی گەورەی لە ھەولێر ئەنجام دا، كە گرینگترینیان بنیاتنانەوە و گەورەكردنی یاریگای یانەی وەرزشیی ھەولێر و دروستكردنی كۆشكی ھونەر لە ھەولێر بوون و دوای شەھیدبوونیشی، وەك رێزێك بۆی، یاریگای یانەكە بە ناوی فەرەنسۆ ھەریری كرا".
ئاری جەمال، بەرپرسی لقی سلێمانی (ی.ق.ك)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ھەمیشە بە پێشەنگی ماوەتەوە، جێگای دروستبوون و پێگەیاندنی كادری دیار و كەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەكان بووە و زۆربەی كەسایەتییە دیار و كاریگەرەكان لەو رێكخراوەدا جۆش دراون و فێری وانەی شۆڕشگێڕی بوون".
بەرپرسی لقی سلێمانی (ی.ق.ك) گوتیشی: "یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ڕۆڵی بەرچاو و كارای ھەیە لە خزمەتكردن بە توێژی قوتابیان لە ھەموو بوارە جیاجیاكاندا و فەراھەمكردنی كەشێكی ئارام بۆ قوتابیان و لە ڕووی خزمەت و كار و چالاكییەوە، لە ئێستاشدا لەگەڵ گۆڕانگارییە جیھانییەكان یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ھەوڵ دەدات لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا خەبات بكات".

عەلی حەسەن عیسا، بەرپرسێ لقا دھوك یا ئێكەتیا قوتابیێن كوردستانێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیێ پارتی دیموكراتی كوردستانێ گوت: "بھەلكەفتا ١٨ شوباتێ ٦٦ ەمین سالڤەگەرا دامەزراندنا ھەردوو رێكخراوێن ئێكەتیا قوتابیێن كوردستانێ و ئێكەتیا لاوێن دیموكراتا كوردستانێ سلاڤا دھنێرین بو شەھیدێن ھەر دوو رێكخراوان و تەڤایا شەھیدێن بزاڤا رزگاریخازیا میللەتێ كورد سەر كاروانێ وان بارزانیێ نەمرو كاك ئیدریسێ ھەردەم ساخ، ھەر دیسان بڤێ ھەلكەفتا مەزن پیروزباھیێن خوە ئاراستەی سكرتێر و ئەندامێن مەكتەبێن سكرتاریەت یێن ھەردوو رێكخراواو تەڤا كادر و لایەنگرو قوتابیێن سەرەڕم و لاوێن شیرھا پیلایی دكەین، بڤێ ھەلكەفتا مەزن داخاز دكەین پر گرنگی ب ڤان ھەردوو رێكخراوان بھێتە دان داكو بشێن باشتر خزمەتا قوتابیان بكەن".
هەر لەم بارەیەوە، ڕێبین عەبدولسەلام، بەرپرسی لقی ئاكرێی (ی.ق.ك)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەردەوامین لە خزمەتكردن بە توێژی قوتابیان، لە ڕووی چالاكی و پێگەیاندنی كادیری بەتوانا بۆ كوردستان و گرینگیدان بە بەھرەی قوتابیان، كردنەوەی خول و پێشبڕكێی زانستی و سیمیناری ھۆشیاری و ڕێكخستنی گەشتی زانستی، ھەروەھا بەرزكردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی لای قوتابیان و ئاشناكردنیان بە مێژووی پڕ سەروەریی بارزانیی نەمر و جەنابی سەرۆك و پێشمەرگە قارەمانەكان، مێژووی پڕ سەروەریی گەلەكەمان و یەكێتیی قوتابیانی كوردستانیش".
شازاد حهمهد ئهمین، بەرپرسی لقی ڕانیەی (ی.ق.ك)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە بۆنەی ڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم قوتابیانی ھەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم، لێرەوە پەیمان دووپات دەكەینەوە كە چۆن لە ڕابردوودا داكۆكیكار و بەدیھێنەری مافەكانی قوتابیان بووین، بە ھەمان شێوە لە داھاتووشدا درێژەپێدەری ئەو خەباتە دەبین، وەك بارزانیی نەمریش دەفەرموێ (قوتابیان سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێكدا)".
سەبارەت بەو گوتەیەی بارزانیی نەمر، كە كردیان بە مارشی خزمەت و بەرگری لە گەلی كوردستان بە گشتی و توێژی قوتابیان بە تایبەتی كە دەڵێت (قوتابیان سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێكدا)، قوتابیان ئاماژە بەوە دەكەن، جێگای شانازییە لە ڕێكخراوێكدا كار و خزمەت بكەین، كە داینەمۆی پێگەیاندنی چەندین سەركردە و شۆڕشگێڕی نەتەوەكەمانن، شانازی بە مێژووی ئەو ڕێكخراوە مەزنەوه دەیكەن.
هەڵكەوت محەممەد




