٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێكی حكوومەتی ھەرێم سەردانی مەغریب دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی كۆمپانیای مەغریبی لە عێراق گوتی، شاندێكی ھەرێم و عێراق بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی مەغریب و وەبەرھێنان، سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، ھەر كۆمپانیایەكی ھەرێمی كوردستانیش دەیەوێت كاری وەبەرھێنان بكات، دەتوانێ بەشدار بێت.

شارا قەرەداغی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داوەتنامەیەكی فەرمی بۆ ھەموو سەرۆك ژوورە بازرگانییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان نێردراوە، بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتی مەغریب بكەن، ئەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئیدارەكانی كۆمپانیاكانیش بێت، ئێمە دەتوانین ھەموو كاروبارەكانیان بۆ رێك بخەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی شاندەكەدا سەردانەكە بكەن، كە دوو ھەزار دۆلاری پێویستە بۆ كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی كارەكەیان بۆ رێك بخەین".

قەرەداغی گوتیشی: "مەبەست لەو سەردانە بۆ مەغریب، بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم و عێراق نوێ بكرێنەوە و باشتریش بكرێن، هەروەها پەیوەندییەكانیش زیاتر بازرگانی دەبن، چونكە وڵاتی مەغریب شوێنێكی زۆر خۆشە بۆ گەشتوگوزار و پێشبینی دەكرێت ساڵانە ١٥ بۆ ٢٠ھەزار كەس بۆ گەشتوگوزار بچنەئەو وڵاتە".

دەشڵێ: "پێشبینی دەكرێت كاری وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێم و عێراق و مەغریبدا، بگاتە ١٠ملیۆن دۆلار و گەشتە ئاسمانییەكانیش بە سەرمایەی ٢٥ملیۆن یۆرۆ، بۆیە ئەمە سەرەتایەكە و دەمانەوێت پەیوەندیی باش لە نێوان ھەرسێ لایەندا ھەبێت".

بە گوتەی شارا، سەردانەكە لە سەرەتاكانی مانگی داھاتوو ئەنجام دەدرێت و لە شاندەكەشدا سەرۆكی ژووری بازرگانیی ھەرێم و چەند ئەندامێك بەشدار دەبن و كۆمپانیاكانیش دەتوانن بێن بەشداری لەو سەردانەدا بكەن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار