قۆناغی دووەمی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێدهكات

دھۆك-KDP.info- بڕیارە لە سنووری پارێزگای دھۆك، ژمارەیەك فەرمانبەری گرێبەست لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دابمەزرێن، بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگای دھۆكیش دەڵێ، دەست بە پڕۆسەی بایۆمەتری دەكەن و پێویستیان بە كارمەندی زۆرتر ھەیە.
لە ساڵی رابردوودا، قۆناغی یەكەمی بایۆمەتریی دەنگدەران بەڕێوە چوو و لە سنووری پارێزگای دھۆك ٧١%ی ھاووڵاتیان بەشدارییان تێدا كرد، بڕیارە ئەمساڵیش قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بەڕێوە بچێت و لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش دەستی پێكراوە.
لەوبارەیەوە، یووسف سەلمان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگای دھۆكی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، بڕیارە قۆناغی دووەمی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێبكات و ھەموو ئەو ھاووڵاتیانە دەگرێتەوە كە پێشتر بەشدارییان لە بایۆمەتریدا نەكردووە یانیش ئەوانەی كارتی بایۆمەترییان ون كردووە، لەگەڵ ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە قۆناغی یاسایی.
بەپێی بڕیاری كۆمسیۆن، ھەر دەنگدەرێك بەشداری لە بایۆمەتریدا نەكات، ھەر ھەڵبژاردنێك بكرێت مافی بەشداریكردنی نابێت و كار بە ھیچ كارت و بەڵگەنامەیەك ناكرێت جگە لە كارتی نوێ. بەڕێوەبەری ئۆفیسی پارێزگای دھۆكی كۆمسیۆن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە سەرەتادا ١٠ بنكەی بایۆمەتری لە سنووری دھۆك بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێنەوە، دواتر ژمارەی بنكەكان زیاد دەكرێت، بەڵام ھێشتا دەستمان بە پڕۆسەكە نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دەست بە بایۆمەتریی دەنگدەران كراوە".
لەبارەی ھۆكاری دەستپێنەكردنی بایۆمەتری، سەلمان دەڵێت: "ئێمە كێشەی كەمیی كارمەندمان ھەیە، ئەوانەی ھەن بەشی ئەو ھەموو بنكەیە ناكات، چاوەڕێین بە پارەی بودجە ژمارەیەك گرێبەست دابمەزرێن و دوای دامەزراندنیان دەست بە بایۆمەتری دەكرێت".
ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی پارێزگای نەینەوا لە سنووری پارێزگای دھۆك نیشتەجێن و ھێشتا دیار نییە ئەوان لە كوێ بەشداریی بایۆمەتری دەكەن، یووسف سەلمان روونی كردەوە: "بابەتی ئاوارەكانیش بۆ ئێمە گرینگە، ھێشتاش كۆمسیۆن بڕیاری كۆتایی نەداوە، كە ئایا ئەو ھەموو ئاوارەیەی نەینەوا، لە بنكەكانی ئێمە خۆیان تۆمار دەكەن، یانیش دەچنەوە مووسڵ".
قائید میرۆ




