كەركووكی: كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوە ناچێت

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوە ناچێت، هۆكاری ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكەش، بۆ رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەگەڕێنێتەوە.
پەیوەست بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت، عیرفان كەركووكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك بەڕێوە ناچێت و تاوەكو ئێستاش رۆژی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین كات و شوێنێك بۆ كۆبوونەوەكە دیاری بكرێت تاوەكو بەشدار بین".
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، هەروەها پێی باشە رێككەوتن لەسەر هەموو ئەو پرسانە بكرێت كە بۆ پارێزگای كەركووك پێویستن، بابەتەكەش پەیوەندە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، چونكە دەبێت رەچاوی ئەو بارودۆخەی كەركووك بكرێت، چ وەكو بارودۆخی ئیداری، چ وەك بارودۆخی ئەمنیی شاری كەركووك.
سەبارەت بە هۆكاری نەبەستنی كۆبوونەوەكەش، كەركووكی دەڵێت، هۆكارەكە رێككنەكەوتنی سیاسییە، بۆیە دەبێت رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت و چۆنیەتیی بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك چ وەك كات چ وەك شوێن، رێك بخرێت.
هەڵكەوت محەممەد




