بابكەیی: پەرلەمان ئامادەكاریی تەواوی كردووە.. زۆرینەی پەرلەمانتاران بەشداری دەكەن

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی كۆ دەبێتەوە، پەرلەمانتارێكی پارتییش رایگەیاند، ھیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان نییە و پارتی ئامادەكاریی تەواوی كردووە.
یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لە رۆژی ٦/١١/٢٠١٨ ئەنجام درا، بەڵام لەو كاتەوە كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی ماوەتەوە، رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، واتا كاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، ئێمەیش وەك فڕاكسیۆنی پارتی ئامادەكاریی باشمان كردووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرێكیش ئامادە كردووە، تا بەرنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە سەركەوتویی جێبەجێ بكرێت".
رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و پارتی بە بردنەوەی ٤٥ كورسی، بووەوە ھێزی یەكەمی ھەرێمی كوردستان.
لەبارەی بەشداریكردنی فڕاكسیۆنەكانی دیكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، پەرلەمانتارەكەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "جگە لە فڕاكسیۆنی یەكێتی، زۆرینەی پەرلەمانتاران بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەن".
رێبوار بابكەیی دەشڵێت: "تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان".
قائید میرۆ




