٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق ھەڵگیران.. جموجۆڵی بازرگانی زیاتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، سەرجەم خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و عێراق ھەڵگیران و بازرگانان بێ گومرگ دەتوانن كەلوپەلەكانیان بگوازنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگیش رایگەیاند، یەكەمجارە كار بە پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان‌ بكرێت.
 
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای مووسڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "حكوومەتی عێراق بڕیاری ھەڵگرتنی خاڵە گومرگییە نایاساییەكانی نێوان ھەولێر و كەركووك و دھۆك و مووسڵی جێبەجێ كرد و بە شێوەیەكی فەرمی ھەڵگیران، كە كارمەندەكانیش بۆ شوێنی پێشووی خۆیان گوازرانەوە و ئێستا بازرگانان دەتوانن بێ گومرگ لە ھەرێمی كوردستانەوە كەلوپەل بۆ پارێزگاكانی عێراق بگوازنەوە".
 
دووبەردانی گوتیشی: "ئەوە ھەنگاوێكی باشە و دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانی زۆر زیاتر بێت، چونكە پێشتر بازرگانان بە ھۆی بوونی ئەو خاڵە گومرگییانە نەیاندەتوانى كاری خۆیان بە تەواوی بكەن".
 
هەر لەو بارەیەوە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەرێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە تەواوی پابەندی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە دەبین لە سەرجەم دەروازەكاندا".
 
عەبدولڕەحمان دەشڵێ: "لیژنە هاوبەشەكان كاری جیددیان كرد بۆ جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی‌ هاوبەش، چونكە پێناسی گومرگی عێراق ئاڵۆز بوو، یەكەم جاریشە لە مێژووی عێراقدا پێناسێكی گومرگی هاوبەش هەبێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان رایشیگەیاند: "بەپێی دەستوور، دەبێ گومرگەكان بە هاوبەشی بەرێوە بچن، بەڵام پێویستە یاسایەك دابڕێژرێ كە هەماهەنگی هەبێ لە نێوان هەردوولادا، هەتاوەكو ئەو یاسایەیش دادەڕێژرێ، هەموو گومرگە‌كان لەلایەن‌ ستافی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن، هەروەها پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان كرایە بنچینە بۆ كاركردن بە وەرگرتنی گومرگ لە سەرجەم دەروازەكانی عێراق، كە لە سەرجەم دەروازەكاندا كار بە پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان دەكرێت".
 
بڵند ئیبراھیم - هەڵكەوت محەممەد

هەواڵی پەیوەندیدار