٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن وەك پارێزەرێكی جیهانی سەیری هەرێم دەكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی سیاسی دەڵێ، بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتیی میونشن گرنگییەكی زۆری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی بۆ هەرێم هەیە، ئێمە تەنیا هەرێمێكین، بەڵام وەكو وڵاتێكی بەهێز و كاریگەر مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت و وەكو پارێزەرێكی جیهانی سەیری هەرێم دەكرێت."

كۆنگرەی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی لە ١٥ی ئەم مانگە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستی پێ كرد و بڕیارە تا ١٧ی مانگ بەردەوام بێت، شاندێكی هەرێمی كوردستانیش بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی بەشداریی لە كۆنگرەكەدا كرد. پێوەست بە گرنگیی بەشداری هەرێم لەم كۆنگرەیە و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم، پرۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕ لە جوگرافیای سیاسی, بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەشداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا گرنگییەكی زۆری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی بۆ هەرێم هەیە. لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا شاندەكەی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم توانیویانە لەگەڵ بەرپرسان و كاربەدەستانی باڵای ئەمەریكا و ئەڵمانیا و وڵاتانی زلهێز كۆ ببنەوە و بابەتی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە تاوتوێ بكەن، ئەمەش بۆخۆی دەستكەوتێكە بۆ هەرێم."

ئەم پسپۆڕە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: "لەم كۆنگرەیەدا وەكو پارێزەرێكی جیهانی سەیری هەرێمی كوردستان كراوە، ئاخر ئێمە هێزی سەرەكیی تێكشكاندنی داعش بووین كە هەڕەشە بوو بۆ سەر جیهان. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەهەندێكی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ  شوێنی ملمڵانێی وڵاتانی گەورەی جیهان بووە و هەرێمی كوردستانیش دڵی ئەم ناوچەیەیە و، پردی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەكە بووە و چەقی ئاسایشی ناوچەكە لە هەرێمە."

د. خەلیل ئیسماعیل ئاماژەیشی دا: "ئێمە دەبێ شانازی بە سیاسەت و پەیوەندییەكانی بەرپرسانمان بكەین. ئاخر ئێمە تەنیا هەرێمێكین، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا وەكو وڵاتێكی بەهێز و كاریگەر مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت. ئاخر ئێمە لە ساڵانی 60 و 70ـكانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ دەوری سەرەكیمان هەبووە لە ئاسایش و سیاسەتی عێراق و ناوچەكەدا بەگشتی."

سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار