کرمانج عەبدوڵڵا: لە مەخموور کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە دەکرێت

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی، تاکو ئێستا دۆخی مەخموور نائاساییە و وەکو سەربازگەیەکە، بۆیە لیژنەی ھاوبەشی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستبەکار بووە و کار بۆ دەرکردنی ھێزەکان لەناو مەخموور دەکات، چونکە بە ھۆی ئەو ھێزانە نە دەزگا میرییەکان و نە ھاووڵاتیان ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ھێزەکانی عێراق لە ناو مەخموور کشاونەتەوە و ڕاست نییە و تەنیا جێگۆرکێ بە ھێزەکان کراوە، بەڵام لیژنەی ھاوبەشی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە سنووری مەخموور دەستبەکار بوونە و کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی مەخموور و پێکھێنانی ھێزی ھاوبەش لە سنوورەکە دەکەن."
کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئێستا مەخموور دۆخەکەی نائاساییە و وەکو سەربازگەیەک وایە و ھێزەکانی عێراق چەندین بارەگای حکوومی و ماڵی ھاووڵاتیانیان داگیر کردووە، بەو ھۆیەوە دەزگا میرییەکان و ھاووڵاتیان ناتوانن کارەکانیا ڕاپەڕێنن."
عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "یەکێک لە کارەکانی لیژنەکە دەرکردنی ھێزەکانی عێراقە لە ناو مەخموور و پێکھێنانی ھێزی ھاوبەشە لە ناوچەکە و ئەگەر ئەمە بکرێت کارێکی زۆر باش دەبێت و دۆخی مەخموور ئاسایی دەبێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




