"بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان پێنج لیژنەی ھاوبەش پێک ھاتوون"
__2019_02_16_h15m16s21__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی کەرکووکی کرد و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش ئاشکرای کرد، پێنج لیژنەی ھاوبەش بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کێشەلەسەرەکان پێک ھاتووە و ئەمریکاش چاودێریی ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە دەکات.
لیوا بەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێنج لیژنە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق پێک ھاتوون و ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لیژنەی ئاساییکردنەوە سەردانی ژمارەیەک میحوەری ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد و ئەمڕۆش سەردانی کەرکووکیان کردووە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبونەوە و سەردانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ھەم بۆ دیاریکردنی ھەندێ خاڵی جێگیرکردنی ھێزی پێشمەرگە و ھەمیش بۆ بەدواداچوونی کۆبوونەوەکانی ڕابردووە، بەتایبەتی کۆبوونەوەی ڕۆژی ٤ی شوبات لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە بەرھەمدار بووە."
لیوا بەکر فەقێ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "بۆ ھەریەک لە ناوچەکانی دیالە و کەرکووک و مووسڵ و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە لیژنە پێک ھاتووە بۆ دەستنیشانکردنی چەند خاڵێک، ئەمریکاش چاودێریی ڕەوشی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دەکات، بەڵام بە شێوەی کردەیی لیژنەکانی ھەماھەنگیی ھەردوو حکوومەت کارەکان بەڕێوە دەبەن."
قائید میرۆ




