وەزیری دەرەوەی ئێران بە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشبینە

میونشن-KDP.info- مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە.
لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسروور و بارزانی و جەواد زەریف دیدارێکییان ئەنجامدا و تیایدا چەند پرسێکییان تاوتوێکرد.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو".
راشیگەیاند: "باسمان لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هەروەها باسیشمان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کرد".
لەبارەی پەیوەندی کۆماری ئسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، زەریف گووتی: "دەمانەوێ پەیوەندی زۆر پتەومان هەبێت بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە و لە داهاتووشدا، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر دەکەین".
هەر ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە.




