٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دهۆك.. دەست بە تەواوكردنی پڕۆژەكانی وەبەرھێنان دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بەرپرسێكی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، دەست بە تەواوكردنی پڕۆژە راگیراوەكانی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای دھۆك دەكرێت و مۆڵەت بە پڕۆژەی نوێش دەدرێت.

كوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆك ئاشكرای كرد: "ئەو پڕۆژانەی پێشتر مۆڵەتیان پێ دراوە و بە ھۆی رەوشی ناسەقامگیری ھەرێمی كوردستان و عێراقەوە لە كار كەوتبوون، دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە، بە تایبەتی دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم دەست بە تەواوكردنی ھەموو پڕۆژەكانی پێشووی كەرتی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای دھۆك دەكرێتەوە".

ئیحسان دەڵێت، بەپێی پێویست، مۆڵەتی نوێش بە ژمارەیەك پڕۆژەی كەرتی تایبەت لە سنووری  پارێزگای دھۆك دەدرێت، واتە جگە لە پڕۆژەكانی پێشوو، ژمارەیەك پڕۆژەی نوێش جێبەجێ دەكرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی وەبەرھێنان رانەگیراوە، بەڵام كە شەڕی داعش دەستی پێكرد و قەیرانی دارایی بەسەر ھەرێمدا ھات، وەبەرھێنەران ئامادە نەبوون پڕۆژەی نوێ وەربگرن، چونكە لە ھەر وڵاتێك ئەگەر ناسەقامگیری پەیدا بوو، ھیچ بازرگان و كۆمپانیایەك ئامادە نییە پارەی بخاتە نێو ھیچ پڕۆژەیەكەوە، بە پێچەوانەوە كاتێك رەوشی ئەمنی و سیاسی بەرەو باشتر دەچێت، كاریگەری دەكاتە سەر كەرتی وەبەرھێنان".

وەك كوردۆ ئیحسان روونی كردەوە: "لە سەرەتای دەسپێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرھێنانەوە تا ئێستا، مۆڵەت بە ٣٤١ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە، بەشێك لەوانە كێشەیان تێدا پەیدا بووە، كێشەكانیش ھەمەجۆرن، بەڵام ئەوەی زیاتر بووەتە ئاستەنگ، كێشەی پڕۆژەكانی بواری نیشتەجێبوونە، بەڵام بە شێوە گشتییەكەی پێشبینی دەكەین كێشەكانی وەبەرھێنان دوای باشبوونی قەیرانی دارایی بەرەو چارەكردن بچن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار