بازیانی: رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دڵخۆشكەرە.. دۆخەكە لە بەرژەوەندیی كورددایە

ھەولێر-KDP.info- د. محەمەد بازیانی دەڵێ، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، ھەنگاوێكی ئەرێنی و دڵخۆشكەرە، بۆیە پێویستە پەلە لە پێكھێنانی حكوومەت و ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا بكرێت، چونكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبێت.
دوێنێ ھەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە سلێمانی كۆ بوونەوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە كرد، لەسەر پڕۆژە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و پارتی رێككەوتوون و تەنیا ماوە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی پەسندی بكات و رێككەوتنەكە دواتر واژۆ بكرێت.
سیاسەتمەداری كورد، د. محەمەد بازیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دواكەوتنی دەستبەكاربوونی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ھەرێم و پێكھێنانی حكوومەت، لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا نییە، چونكە خەڵكی كوردستان دەنگی داوە و ئەو دواكەوتنەش لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندیی كوردیشدا نییە لە ناوچەكەدا، لەبەر ئەوەی دواكەوتنی پێكھێنانی حكوومەت وادەكات كە ناوماڵی كورد یەك نەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت و لایەنەكان نەرمی بۆ یەكتری بنوێنن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، چونكە ئەگەر لایەنەكان یەكگرتوو بن، دوژمن ناتوانێ زەفەر بە كورد ببات و ھەنگاوێكی ئەرێنییش دەبێت بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی كیان و دەوڵەتی خۆمان".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد گوتیشی: "رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی كە باسیان لەوە كرد لەسەری گەیشتوونەتە ئەنجام، ھەنگاوێكی ئەرێنی و دڵخۆشكەرە، چونكە بڕیارە جگە لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش كۆ ببێتەوە، بۆیە ئەمانە ھەنگاوی زۆر باشن و پێویستە ھەنگاوی دیفاكتۆ بنرێن و ھەموو كێشەكان چارە بكرێن، جگە لەوەش پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغداش باشە، بۆیە دۆخەكە لە بەرژەوەندیی كورددایە".
بازیانی ڕوونیشی كردەوە: "پێشوازیكردن لە بەرپرسانی كورد لە وڵاتان، ئەوە نیشان دەدات كە كورد پێگەی باشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ھەیە، بۆیە پێویستە ناوماڵی خۆمان رێك بخەین و بە زووترین كات حكوومەت دروست بكرێت و بەرنامەكەیشی لە بەرژەوەندیی خەڵك و بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵك بێت، بۆیە ئەوەی من لێی تێدەگەم پارەی ھەرێمیش قیمەتی زیاتر دەبێت لە چاو پارەی وڵاتانی دەوروبەردا، ئەمەش وادەكات دۆخی ھاووڵاتیان زۆر باشتر بێت".
بڵند ئیبراھیم




