٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی چۆمان: ژمارەیەك پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

چۆمان-KDP.info- بڕیارە كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای ھەولێر جێبەجێ بكرێن، قایمقامی شارۆچكەكەش ئاشكرای كرد، ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ دەچنە واری جێبەجێكردنەوە، ستراتیژین و پارەی قەرەبووی لافاویش دابەش دەكرێت.

ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچكەی چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا پارەی بوودجە نەگەیشتووە تا دەست بە پڕۆژەكان بكەینەوە، ئەو پارەیەیش كە بۆمان تەرخان دەكرێت، بەسەر ناوچەكانی سنووری شارۆچكەی چۆماندا دابەشی دەكەین و دەست بە جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەكەین، گەشبینم بەوەی ئەمساڵ ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی دەست پێ دەكەن، چونكە ڕەوشی داراییی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر باشتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو، بەوەش خزمەتی زیاتر پێشكەش بە ھاووڵاتیان دەكرێت".

لەبارەی پڕۆژەی ئاوی چۆمانەوە، قایمقامی شارۆچكەكە ڕوونی كردەوە: "پێش چەند ساڵێك پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاو بۆ شارۆچكەی چۆمان جێبەجێ كراوە، كە ئاو لە پرژێوە بۆ سەنتەری شارۆچكەكە دێت، بەڵام ساڵانە بە ھۆی ھەبوونی كێشەوە ئاستەنگ لەبەر پڕۆژەكە دروست دەبێت و لە سەرچاوەی ئاوەكەدا كێشە ھەیە، بەڵام ھەوڵمان داوە كێشەی ھاتنی ئاو چارە بكەین، ڕۆژانی ڕابردوو بۆ چارەكردنی یەكجارەكیی كێشەی ئاو، كۆمپانیایەكی لوبنانی سەردانی پڕۆژەكەی كردووە و بڕیارە دیزاینی پڕۆژەكە بكرێت و كێشەكە چارە بكرێت".

پەیوەست بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكانی ئەمساڵ، قادر دەڵێت: "بە ھۆی بارینی بارانێكی زۆر و دروستبوونی لافاو، زیانی زۆر بە دەڤەری چۆمان گەیشتووە، ئێمە ھەوڵمان داوە سەرەتا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كاریان تێدا بكرێت، ئەوەی دیكە لیژنەیەك پێك ھاتووە بۆ خەمڵاندنی زیانەكان و ھەموو كارەكانی تەواو كردووە، زیانەكانیش زۆرن و بریتین لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و مڵك و ماڵی ھاووڵاتییان".

لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا، پارە بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی ئەمساڵ تەرخان كراوە و بڕیارە لەگەڵ كەوتنەكاری بوودجەوە پارەی زیانەكانی لافاویش دابەش بكرێت، ئەحمەد قادر گوتی: "نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەوڵی خۆیان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانمەندانی لافاو داوە، ئێمەیش چاوەڕێ دەكەین پارەكە دابەش بكرێت، بەڵام دیار نییە وردەكارییەكە چییە و چۆن قەرەبوو دەكرێنەوە، لیژنەی حكوومەت خەمڵاندنەكەی لایە و ھەركات پارە گەیشت، دەستبەجێ میكانیزمی دابەشكردنی دیاری دەكرێت".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار