هەرێمی کوردستان بەشداری لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەی بنەڕەتیی یەکگرتووی کۆماری عێراق دەکات

هەولێر-KDP.info- بە ئامانجی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی بنەڕەتیی یەکگرتووی کۆماری عێراق، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 12/2/2019 شاندێکی حکوومەتی هەرێم بە سەرپەرشتیی د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد لە یەکەم کۆبوونەوەی تایبەت بەم بەڵگەنامەیە کە لە وەزارەتی دادی حکوومەتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی حوسێن جاسم ئەلزهێری، بریکاری وەزارەتی داد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغد بەسترا.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا دوای ئەوە هات کە حکوومەتی هەرێم بە فەرمی بووە ئەندام لە لیژنەی نیشتمانی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی فیدراڵی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لەمەودوا حکوومەتی هەرێم ئامادەبوونێکی بەردەوامی دەبێت لە داڕشتن و نووسینەوەی گشت ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی کە حکوومەتی عێراق بڵاویان دەکاتەوە.
سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی هەرێم لە کۆبوونەوەکانی ئەم لیژنەیە و ئامادەکردنی بەڵگەنامەی بنەڕەتیی یەکگرتووی کۆماری عێراق، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئەم بەڵگەنامەیە بە بنەڕەتی دادەنرێت و حکوومەتی فیدراڵی و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش پشتی پێ دەبەستن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی، گرنگییەکەی بۆ هەرێم لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە گشت ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانەی کە حکوومەتی عێراق ئەندامە تێیدا و لە داهاتوودا پەسەندیان دەکات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەی دیدگای هەرێم سەبارەت بەو پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی ئەو یاسا و هەنگاوە کرداریانەی کە هەرێم ئەنجامی داون لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی مافی مرۆڤ و حوکمڕانی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی حوکمڕانی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان، چونکە هەرێم ڕاستەوخۆ بەشداری دەبێت لەو کۆبوونەوانە.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم گوتی: لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی بەشدار بوون، تێیدا گشت هەنگاوە کردارییەکان هەرێممان ڕوون کردەوە لە بوارەکانی سیاسی، جوگرافی، ئابووری، پەروەردە و خوێندنی باڵا، هەروەها گشت ئەو یاسا و ڕێنماییانەمان خستە ڕوو کە لە هەرێم دەرچوون وەک: یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان، یاسای، دەستکەوتنی زانیاری، یاسای ڕۆژنامەوانی، یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، یاسای پاراستنی پێکهاتەکان، یاسای دەستەی گشتیی دەستپاکی، یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، یاسای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، یاسای پاراستنی مافی کەمئەندام و خاوەن پێدوایستیی تایبەت، پرۆژەیاسای پاراستنی مافی منداڵان و چەندین یاسا و ڕێنماییی دیکە کە پابەندبوونی هەرێم نیشان دەدەن بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دەبنە بەشێک لە بەڵگەنامەی بنەڕەتیی یەکگرتووی کۆماری عێراق. لە لایەکی دیکەوە، هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێممان بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە لەبارەی پێشوازیکردن لە سەدان هەزار کەس لە ئاوارە و پەنابەران و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنراون.




