چنگیانی: خۆشەویستی لە ئیسلامدا ھەیە.. وتاری مامۆستایانی ئایینیش تهرخانه بۆ خۆشهویستی

ھەولێر-KDP.info- وەك ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش ھەرێمی كوردستان یادی ڕۆژی خۆشەویستی دەكاتەوە، كۆمەڵگاش لە دووبەرەدایە، لایەك یادی دەكاتەوە و لایەكەی تریش پێی گوناھەیە، مامۆستایەكی ئایینییش دەڵێت، لە ئیسلامدا خۆشەویستی ھەیە و وەزارەتی ئەوقافیش ڕێنمایی داوەتە مەلاكان لە ڕۆژی ھەینیدا باس لە خۆشەویستی لە ئیسلامدا بكرێت.
پەیوەست بە ڕۆژی خۆشەویستی، كە ڤالانتاینی پێ دەگوترێت، ھەموو ساڵێك ١٤ی ٢ ھەرێمی كوردستانیش بە چەند شێوازێك یادی ئەو ڕۆژە دەكاتەوە، كە كۆمەڵگا دەبێت بە دووبەرە و لایەك یادی دەكاتەوە و لایەكەی تریش پێی حەرام و گوناھەیە لە ڕووە دینییەكەیەوە، كە ئەم بابەتەش زیاتر لە نێو گەنجاندا باوە.

لەو بارەیەوە، مامۆستا مەلا عومەر چنگیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خۆشەویستی لە ئیسلامیشدا ھەیە، بەڵام بە شێوازە ڕێگەپێدراوەكەی، نموونە لە ئیسلامدا ھەیە كە ھەر كچێك و كوڕێك یەكترییان خۆش بووێت، ببن بە ھاوسەر، بەڵێ دەبێت بە پێی خواستی خۆیان بێت و ئیسلام ھەر ئەمەی دەوێت."
مامۆستا عومەر چنگیانی ئاماژەشی دا: "تاكی كورد پێویستی بەوە ھەیە یاسەكی ھەبێت یا ڕێنمایی بكرێت، ھەر شتێك لە ڕۆژئاواوە دێتە نێو كورد و تەقلیدی دەكرێتەوە، دەبێت زێدەڕۆیی تێدا نەكرێت و بە جوانی و وەك خۆی بابەتەكان جێبەجێ بكرێت".
چنگیانی دەشڵێ: "بۆشاییەكی گران ھەیە لە ژیانی تاكەكاندا و ھەوڵ دەدەن پڕ بكرێتەوە، كاتێك یارییەكی تۆپی پێ هەیە، دەبینین ئیسكان جمەی دێت لە گەنج، ئەم شێوازە بریتی نییە لە حاڵەت، بەڵكوو بریتییە لە پڕكردنەوەی بۆشاییەكی زیاد لە سنوور، سەبارەت بەو بابەتەی ڤالانتاینەش كە لە كوردستان بایەخی پێ دەدرێت، تەنانەت وەزارەتی ئەوقاف ئەم ھەفتەیە لە ڕۆژی ھەینی بۆ گوتاری ھەینی كە ڕۆژێك دوای ڤالانتاینە، ڕێنمایی بۆ مەلاكان ناردووە باس لە خۆشەویستی بكرێت لە ئیسلامدا، تا ھەموو شتێك وای لێ بێت بۆ كاتبەسەربردن نەبێت."
فایزە كۆیی




