وەزارەتی بازرگانیی: هۆكاری گۆڕینی پسوولەی خۆراك بۆ كارتی زیرەك ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم دەڵێ، پسوولەی خۆراكی هاووڵاتیان دەگۆڕدرێت بۆ كارتی زیرەك، دوای سەركەوتنی تاقیكردنەوەی سەرەتاییش، دەكرێتە پرۆسەیەكی گشتی و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2020ـدا پڕۆسەكە تەواو ببێت.
نەوزاد ئەدهەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پسوولەی خۆراكی هاووڵاتیان دەگۆڕدرێت بۆ كارتی زیرەك، لە شاری دهۆك بریكارێكی دابەشكردنی خۆراك دەستنیشان كراوە و 13ـی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی سەرەتایی ئەم كارتە زیرەكە دەست پێدەكات. هەروەها ڕاهێنان بە بەشێك لە فەرمانبەران دەكرێت بۆ ئەوەی شارەزا بن لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی ئەم كارتە زیرەكە و ئامێرەكان. دوای سەركەوتنی تاقیكردنەوەی سارەتاییش، دەكرێتە پڕۆسەیەكی گشتی و چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2020 پڕۆسەكە تەواو بێت."
پێوەست بە هۆكاری گۆڕینی پسوولەی خۆراك بۆ كارتی زیرەك، نەوزاد ئەدهەم ڕوونی كردەوە: "گۆڕینی پسوولەی خۆراك بۆ كارتی زیرەك، بۆ ڕێگریكردنە لە ناوی دووبارە و ساختەكاری و، چاوكراوەتر دەبین لەوەی كە بریكارەكان كاڵاكان بە ئەمانەتەوە بگەیەننە دەستی هاووڵاتیان."
دەشڵێ: "هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكەین بۆ ئەوەی ئاماری ئەو كەسانەمان دەست كەوێت كە داهاتی ڕۆژانەیان كەمە، تا ساڵانە 12 مانگی تەواو بەشەخۆراك وەربگرن و یارمەتیی ئەم كەمدەرامەتانە بدەین. ئاخر ئێستا هەموو مانگێك بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەبەش ناكرێت، چونكە لە ساڵی 2013 نزیكەی 5 ترلیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ كرینی كاڵاكانی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان تەرخان كراوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ پارەكە كەم كراوەتەوە و لە 2019 گەیشتووەتە یەك ترلیۆن و نیو".
لە دوای بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراك لە ساڵی 1996، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كرد، تا ئێستا لە رێی پسوولەی خۆراكەوە بەشەخۆراكی مانگانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.
سەرباز واحید




