٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چیای كۆڕەك.. سبەی فێستیڤاڵی خلیسكانێی سەر بەفر ئەنجام دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران-KDP.info- سبەینێ فێستیڤاڵی خلیسكانی سەر بەفر و دیداری 30 كۆمپانیای عێراقی بۆ ڕاكێشانی گەشتیار لە چیای كۆڕەكی گەشتیاری ئەنجام دەدرێت، ئەوەش وای كردووە، كە لەو دوو رۆژەدا زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بەپێی پلانی ساڵی ٢٠١٩ لە هەر وەرزێكدا ژمارەیەك چالاكی بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران ئەنجام ده‌دات و بەردەوام هەوڵ دەدات ژمارەی گەشتیاران زیاد بكات.

ئامینە محەممەد، گەشتیارێكی شاری بەغدایە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە لە بەغداوە هاتووین، كەشوهەوای كوردستان زۆر خۆشە و بەفر هەیە و لەناو بەفردا كاتێكی خۆشمان بەسەر بردووە، دەمانەوێت بمێنینەوە تا فێستیڤاڵی خلیسكانی سەر بەفر لە چیای كۆڕەكی گەشتیاری دەكرێت، بۆ ئەوەی زیاتر چێژ لە دیمەنە دڵڕفێنەكان وەربگرین".

هاشم عەبدولڕەحمان، گەشتیارێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ ئێمە زۆر هاوكارن و هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئێمە كراوە و سوپاسیان دەكەین و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە دەیكەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگەینە ئەو شوێنەی كە مەبەستمانە".

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە پێی پلانی ساڵی ٢٠١٩ لە هەر وەرزێكدا ژمارەیەك چالاكی بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران ئەنجام دەدات و بەردەوام هەوڵ دەدات ژمارەی گەشتیاران زیاد بكات".

رۆستی گوتیشی: "رۆژی یەكشەممە ١٠ی مانگ، كە دەكاتە بەیانی، سێیەم چالاكیی خلیسكانێی سەر بەفر بۆ گرووپە گەشتیارییەكان لە چیای كۆڕەك ئەنجام دەدرێت، لە هەمان كاتدا دیدار لەگەڵ 30 كۆمپانیای عێراقی بەڕێوە دەچێت، چالاكییەكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتیاریی سۆران و بنكەی گەشتیاریی رواندز بە سپۆنسەری كۆڕەكی گەشتیاری ئەنجام دەدرێت".

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، زیاتر ڕوونی كردەوە: "بەڕێوەبەری گشتیی گەرمیان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار سەرپەرشتیی شاندێكی گەشتوگوزاری هەرێم دەكات بۆ بەشداریكردن لە پێشانگایەكی گەشتیاری لە وڵاتی ئێران لە شاری تاران، كە لە رۆژی سێشەممە ١٢ی شوبات پێشانگاكە دەكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی شاندێك لە بەڕێوەبەرانی گەشتوگوزاری هەرێم لە پێشانگایەكی گەشتیاری لە ١٦ی مانگ لە شاری بەغدا بەشدار دەبێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی كۆڕبەندێك بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای عێراقی لە ٢١ ی مانگ لە شاری سلێمانی ساز دەكات".

ئەو هەروەها ئاشكراشی كرد: "لە ١٧ تا ٢٠ی مانگی داهاتوو، گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ گەشتوگوزار بە بەشداریی سەدان كۆمپانیای چەندین وڵاتی جیهان لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت، هەروەها شاندێكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە ٢٤ی هەمان مانگ بەشداریی پێشانگایەكی گەشتیاری لە شاری بەغدا دەكات".

دەشڵێ: "ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و تا ئێستایش ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان، واتە هاتنی گەشتیاران بە ڕێژه‌یێكى بەرز بەردەوامیی هەیە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامارەكە بڵاو دەكەینەوە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار