٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی كار: دەرفەتی كاركردن لە ھەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی، رۆژ بە رۆژ دەرفەتی كار بۆ خەڵكی كوردستان لە زیادبووندایە. دەشڵێ، تا كرێكاری ناوخۆیی ھەبێت، رێگە نادەن كار بە كرێكاری بیانی بدرێت.

عارف حیتۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای باشبوونی دۆخی ئابووری ھەرێمی كوردستان، دەرفەتی كار لە ھەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، لەبەر ئەوەی رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووریی ھەرێم باشتر دەبێت و دۆخی ئابوورییش چەند باش بێت، دەرفەتی كار زیاتر دەبێت، ساڵی ڕابردوو دەرفەتی كار زۆر زیاد بوو و ئەمساڵیش پێشبینی دەكەین زۆر لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بێت".

حیتۆ گوتیشی: "لە ئێستادا ھەر كۆمپانیایەك بیەوێت كرێكاری بیانی بێنێتە ھەرێمی كوردستان، پێش ئەوەی ئێمە رەزامەندی لەسەر بدەین، پێویستە لە ماوەی ١٥رۆژدا لە رۆژنامە بڵاوی بكاتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر كرێكاری ناوخۆیی ھەبێت، پێویستە ئەوان كاریان پێ بدرێت و ئەگەر نەشبوو، ئەوكات دەتوانێ كرێكاری بیانی بێنێت، بۆیە لە ئێستادا ھاتنی كرێكاری بیانی ٦٠% كەمی كردووە".

دەشڵێ: "پێشتر خەڵك زیاتر كاری حكوومیی دەكرد، بەڵام ماوەی سێ ساڵە لە كەرتی ئەهلییشدا كار دەكەن، چونكە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كار ھەر كارە، ئینجا حكوومی بێت یاخود ئەھلی".

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئاماژەیشی دا: "ئێمە ئەولەوییەتی دەرفەتی كار دەدەینە كرێكاری ناوخۆیی و تاوەكو كرێكاری ناوخۆیی ھەبێت، نایدەین بە كرێكاری بیانی، چونكە خەڵكی ئێمە مافی خۆیەتی كاری پێ بدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار