٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان: ھەرێم ئامادەیی پێشان داوە ھەموو كێشەكان بەپێی دەستوور چارە بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، چوونی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بۆ دروستكردنی ھەماھەنگی و پشتگیریكردن لە سەرۆكوەزیرانی عێراقە، چونكە بە بوونی ھەماھەنگی، دەتواندرێت سەرجەم كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێن.

رۆژی پێنجشەممە، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی كۆ بووەوە و تێیدا جەخت لەوە كرایەوە، كە ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان ھەردوولادا ھەبێت و سەرجەم كێشەكانیش لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بكرێن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، گرینگییەكی یەكجار زۆری ھەیە، بۆ ئەوەی ھەماھەنگیی زیاتر لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەبێت و ھەوڵ بدرێت سەرجەم كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێن، چونكە گرینگە ھەماھەنگییەكی باش لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەبێت".

سەبری گوتیشی: "چوونی سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا، بۆ ئەوەیە كە پشتگیری لە سەرۆكوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی بكرێت و، ئەو ھەماھەنگییەی ئێستا لە نێوان ھەرێم و بەغدادا ھەیە، زیاتر بێت، چونكە بۆ ئەوەی بتواندرێت كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێت، پێویستە ھەماھەنگیی تەواو ھەبێت و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئامادەیی خۆی پێشان داوە، كە بەپێی دەستوور ھەموو كێشەكان چارە بكرێن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، پڕۆژەیاسای بودجە زۆرینەی رێگارە یاساییەكانی بڕیون و لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند كراوە و لەلایەن سەرۆككۆماریشەوە ئیمزا كراوە و ھەر بڕیارێك لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاو كرایەوە، دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت و ئەوكات پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار